تایلەر سویفت لە گۆرانیگوتنەوە بۆ دەرهێنەری

11-12-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن تایلەر سویفت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
تایلەر سویفت، گۆرانیبێژی ئەمریکی، بۆ یەکەمجار کاری دەرهێنان بۆ فیلمێکی درێژی سینەمایی دەکات و هەواڵەکە لەلایەن کۆمپانیای 'Searchlight Pictures' بڵاوکرایەوە.
 
سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن تایلەر سویفتەوە ئامادەکراوە و وردەکاری دیکەی لەبارەی ستافی کاری فیلمەکە و ناوەڕۆکی ئاشکرا نەکراوە.
 
ئەو هونەرمەندە یەکەمجار نییە روو لە کاری فیلمسازی دەکات، لە 2021 کورتەفیلمێکی 14 خولەکی لە دەرهێنانی خۆی بڵاوکردەوە.
 
تایلەر سویفت، یەکێک لە هونەرمەندە هەر ناسراوەکانی جیهانە و لەرێگەی بەرهەکانییەوە چەندین ریکۆردی نوێی تۆمارکردووە و ساڵانە ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاودەکاتەوە، بە پێچەوانەی بەشێک لە هونەرمەندە جیهانییەکان کە چەند ساڵ جارێک ئەلبوومێک بڵاودەکەنەوە.
 
لە مانگی تشرینی دویەکەمی 2022 نوێترین ئەلبوومی سویفت بەناوی 'Midnights' بڵاوکرایەوە و وەک پڕفرۆشترین ئەلبووم لە 2022 دەیاریکرا و لە سێ رۆژدا یەک ملیۆن کۆپیی لە ئەمریکا فرۆشراوە.
 
سویفت (32 ساڵ) یەکەم هونەرمەندە ئەو ریکۆردە نوێیە تۆمار بکات کە لە ماوەی سێ رۆژدا ژمارەی ئەلبوومە فرۆشراوەکانی یەک ملیۆن بێت.
 
سویفت، توانی ریکۆردێک تۆمار بکات کە بەر لە پێنج ساڵ هەمان ریکۆردی لەرێگەی ئەلبوومی 'Reputation' تۆمارکردووە.
 
نوێترین ئەلبوومی ئەو گۆرانیبێژە، کێشەی بۆ پلاتفۆرمی سپۆتیفای لە چەند وڵاتێک دروستکردبوو.
 
'Midnights' لە دوای بڵاوکردنەوەی لەو خزمەتگوزارییە میوزیکییە، لە ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا کێشەی بۆ پلاتفۆرمەکە دروستکرد و بەکارهێنەرانی ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانیدا بوون بۆ ئەوەی بتوانن گوێ لە تراکەکانی ئەلبوومەکە بگرن.
 
ئەلبوومی 'Midnights' لە 13 تراکی گۆرانی پێکهاتووە و لە 21 تشرینی یەکەم 2022 بڵاوکرایەوە.
 
گۆرانییەکانی ئەلبوومەکە باس لە نیوە شەو دەکەن و سویفت لەبارەیەوە دەڵێت، چیرۆکی 13 شەوی بێخەو و پەرش و بڵاوی ژیانیەتی.
 
یەکێک لە تراکەکانی ئەلبوومەکە بەناوی  'Anti-Hero'یە و لە هەمان رۆژی بڵاوکردنەوەی ئەلبوومەکە، بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە کەناڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە بڵاوکرایەوە.
 
ئەو ئەستێرە ئەمریکییە، لە 2009 لە زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنی بەناوی 'CSI' رۆڵی گێڕاوە، هەروەها رۆڵی لاوەکی لە فیلمی ' The Giver' هەبووە کە لە 2014 بڵاوکراوەتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە