ژنێک لە هەولێر بەرهەمی ئەو ژنە دەستڕەنگینانە دەفرۆشێت کە توانای دانانی دووکانیان نییە


رووداو دیجیتاڵ 

نەجیبە عەبدولڕەحمان ژنێکی خەڵکی ئاکرێیە. لە بەغدا ژیاوە و ئەم ساڵ لە هەولێر پڕۆژەیەکی کردووەتەوە و بەرهەمی دەستی ئەو خانمانە دەفرۆشێت کە لە ماڵەوە کار دەکەن و توانای کردنەوەی دووکانیان نییە.
 
نەجیبە لەگەڵ ئەوەدا، کۆرسی راهێنانی بۆ کچان کردووەتەوە تاوەکو فێری کارکردن ببن و بتوانن لەسەر پێی خۆیان بووەستن.
 
لە نووڕۆژی رووداو گفتوگۆیەکم لەگەڵ نەجیبەدا کرد، ئەو بە جلوبەرگێکی کوردییەوە لە بەرنامەکەم دەرکەوت کە خۆی دیزاینی کردووە و دووریویەتی. ئەو گوتی، "ئامانجی من پاڵپشتیکردنی خانمانە. شوێنەکەمان کەشخەیە و دیکۆرێکی جوانمان بۆ کردووەتەوە و بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی خانمان دەکەین."
 
ئێستا بەرهەمی نزیکەی 13 ژنی دەستڕەنگین ساخ دەکاتەوە. هەروەها لە رێگەی فێستیڤاڵەکانییەوە هەلی کار بۆ دەیان ژن دابین دەکات.