یەکەمین شاجوانی دروستکراوی ژیریی دەستکرد هەڵبژێردرا

رووداو دیجیتاڵ

کێنزا لەیلیی مەغریبی یەکەم مۆدێلی ژیریی دەستکردە لەنێو هەزار و 500 بەربژێری دیکەی دروستکراوی ژیریی دەستکرد، بە شاجوانی جیهان هەڵبژێردا.
 
دوای ئەوەی مانگی رابردوو دادوەران لە یەکەمین پێشبڕکێی شاجوانی ژیریی دەستکرد پەردەیان لەسەر 10 مۆدێلی دیکەی ژیریی دەستکرد لادا، ئەمڕۆ لە شاری مەراکیش لە مەغریب، کێنزا لەیلی بە شاجوانی ژیریی دەستکرد هەڵبژێردرا. 
 
شاجوانەکەی ژیریی دەستکرد دوای ئەوەی ناسناوەکەی پێبەخشرا لە گرتە ڤیدیۆیەکدا گوتی، "بردنەوەی ناسناوی شاجوانی ژیریی دەستکرد، یارمەتیم دەدات بەردەوام بم لەوەی زیاتر تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بەرەوپێشەوە ببەم." 
 

مۆدێلەکە لەلایەن مەریەم بێسا، دامەزرێنەری ئاژانسی Phoenix AI مەغریبییەوە دروستکراوە. دوای بەدەستهێنای ناسناوەکەش بڕی 20 هەزار دۆلار وەکو براوەی پێشبڕکێکە وەردەگرێت. 
 
ئەم مۆدێلەی ئەی ئای لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام 200 هەزار فۆڵۆوەرز و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکیش 45 هەزار فۆڵۆوەرزی هەیە، 'ژیانی' رۆژانەی لەگەڵ خەڵک هاوبەشی پێدەکات و دەتوانێت بە حەوت زمانی جیاواز قسە بکات. 
 
نێوەڕۆکەکانی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردبوونەوە، جوانی، و وردەکاری لە دروستکردنیدا نیشاندەدەن، ئەمانە وایان کرد هەر چوار دادوەرەکە دەنگی پێدەدەن. 

 

 
لەیلی لەسەر شێوازی کولتووری مەغریب دروستکراوە و نوێنەرایەتی کولتووری وڵاتەکەی لە پێشبڕکێکە دەکرد.