رووداو دیجیتاڵ
ئاندرۆ گارفیڵد، ئەکتەری بەریتانی - ئەمریکی کە پێشتر رۆڵی کارەکتەری سپایدەرمانی گێڕاوە، بۆ پێشاندانی نویترین فیلمی، لەسەر فەرشی سووری چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور ئامادەبوو.
فیلمەکە بەناوی "We Live in Time"یە و لە دەرهێنانی جۆن کرۆولییە و لە جۆری بەرهەمە کۆمێدی و رۆمانسییەکانە و رۆژی دووشەممە 9ی کانووی دووەمی 2024، لە فێستیڤاڵەکەدا پێشاندرا و بڕیارە رۆژی سێشەممە پێشاندانی دووەمی بۆ بکرێت.
فیلمەکە لەبارەی چیرۆکی خێزان، خۆشەویستی، ژیانی هاوژینی و دڵەڕاوکێیە. گارفێڵد رۆڵی کارەکتەری پیاوێک دەگێڕێت کە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و کچە شێفێک دەناسێت و دەکەونە داوی خۆشەویستی یەکدی. دوای ئەوەی ژنە شێفەکە بڕیاردەدات بچێتە پێشبڕکێیەکی شێفەوە، ئاڵۆزی لە نێوانیاندا دروست دەبێت.
لە یەکەم پێشاندانی فیلمەکە، ئادەم ئاکلاند، پرۆدیوسەری فیلمەکە لەگەڵ ئاندرۆ گارفیلد لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵ ئامادەبوون.
ئاندرۆ گارفیلد، لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵ قسەی بۆ پەیام سەربەست، نێردراوی رووداو کرد و گوتی، بە بڕوای ئەو دەکرێت خێزان چەندین شێوەی هەبێت، لە خوێن یا مرۆڤ خۆی هەڵیدەبژێرێت و هەستی بۆی هەیە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "مەرج نییە خێزان لەسەرت بسەپێندرێت، پێویستە ئەو خێزانەت هەبێت کە دڵت پێی خۆشە."
بە گوتەی ئاندرۆ بەردەوام پشتگیری لەو جۆرە خێزانە دەکات کە هەڵبژاردەی مرۆڤ خۆیەتی، لە هەمانکاتتدا پشتگیری لەو جۆرە فیلمانەش دەکات کە لەم ژانرەن.
فیلمەکە لە تشرینی یەکەمی 2024 لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندراوە، هەروەها لە ژمارەیەک فێستیڤاڵی فیلمدا بەشداربووە، لەوانە، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تورەنتۆ، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سان سێبەستیەن و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لەندەن.
داهاتی ئەم بەرهەمە لە سینەماکانی جیهاندا 31 ملیۆن و 818 هەزار دۆلارە، داهاتی لە سینەماکانی ئەمریکا و کەنەدا 24 ملیۆن و 690 هەزار دۆلارە.
ئەم ساڵ فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور بە درووشمی "سینەما ماڵی نوێی هەیە"، لە 5 بۆ 14ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە جەدەی سعودیە بەڕێوەدەچێت، تێیدا 120 فیلم لە 81 وڵاتەوە بەشدارن، لەوانە 63 فیلمی درێژ و 54 کورتە فیلم، لەو فیلمانە 20یان رێوڕەسمی فەرشی سووریان دەبێت و ستافی فیلمەکان ئامادە دەبن.
تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو لە فێستیڤاڵەکەیە و رووماڵی چالاکییەکانی دەکات، ساڵی رابردووش رووماڵی ئەو رووداوە سینەماییەی کرد و فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" کە رووداو هاوبەشی بەرهەمهێنایەتی، بەشداربوو و دوو پێشاندانی بۆ کرا.
48 فیلم یەکەم پێشاندانی جیهانییان لە فێستیڤاڵەکەدا دەبێت، فیلمە عەرەبییە بەشداربووەکان ژمارەیان 66 فیلمە، 34یان فیلمی سعودین و 36 بەرهەمهێنەری فیلم کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتەکان دەکەن.
ئاندرۆ گارفێڵد، لە 1983 لە ئەمریکا لەدایکبووە، لە 2012 بە رۆڵگێڕانی کارەکتەری سپایدەرمان لە فیلمی "Amazing Spider-Man"، لە 2014 لە فیلمی "The Amazing Spider-Man 2" و لە 2021 لە فیلمی "Spider-Man: No Way Home" ناوبانگی پەیداکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ