مستەفا برووکی: دەنگبێژی کولتووری کوردە، وەک درەختی ژیان دەبێ هەمیشە ئاوی بدەین
رووداو دیجیتاڵ
لاوک، کە لەنێو کورمانجی ئاخێوەراندا پێی دەڵێن دەنگبێژی، رەگێکی قوڵی لەناو مێژوو و کولتووری نەتەوەی کورددا هەیە، لاوکەکان چیرۆکی ئەڤینداری و قارەمانێتی و تێکۆشانی کورد دەگێڕنەوە.
مستەفا برووکی، دەنگبێژێکی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە سەردانێک هاتبووە باشووری کوردستان، هەڤپەیڤنێکی کورتمان لەبارەی هونەری دەنگبێژی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ کرد.
برۆکی باس لەوە دەکات، کە دەنگبێژی لە باکووری کوردستانەوە رووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و دەشڵێ پەیوەندی نێوان دەنگبێژانی باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە.
برووکی دەنگبێژی بە درەختی ژیان وەسف دەکات، کە دەبێ هەمیشە ئاو بدرێت، تا بە سەوزی بمێنێتەوە.
هەڤپەیڤین لەگەڵ مستەفا برووکی:
رووداو: دەزانین لە باکوری کوردستان گرنگییەکی زۆر بە دەنگبێژی دەدرێت، مێژووی دەنگبێژی لە ورمێ بۆ کەی و بۆ چ قۆناخێک دەگەڕێتەوە؟
مستەفا برووکی: پێشتر سنوور نەبوون، باکوور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا و باشوور هەموویان بەیەکەوە گرێدرابوون، بنکەی دەنگبێژییەکە لە باکوور بوو.
رووداو: لە باکوورەوە چووەتە ورمێ؟
مستەفا برووکی: بەڵێ لە باکوورەوە بۆ ورمێ و ناوچەی ماکۆ تێپەڕی.
رووداو: ئێوە بۆ خۆتان بۆ گوتنی لاوک سەردانی زۆر شاری باکووری کوردستانتان کردووە، مەبەست و ئامانجتان چی بوو بۆ ئەم گەشتە بۆ باکووری کوردستان؟
مستەفا برووکی: ئێمە لەوێ خەڵکێکی زۆرمان هەیە، هاوڕێی زۆرمان هەیە. ئێمە لە بنەڕەتدا لە باکووری کوردستانەوە هاتووین. سەرچاوەی ئێمە لە باکوورەوەیە. لە ساڵی 1916 لە باکوورەوە چووینە رۆژهەڵات، لە ئاگری بووین.
رووداو: ئەوە مانای ئەوەیە کە سەردانی ئێوە بۆ باکووری کوردستان بۆ دەنگبێژی نەبوو؟
مستەفا برووکی: نەخێر، پێشتر بەهۆی هاوڕێ و خێزانەوە دەهاتین و دەچووین، بەڵام منیش حەزم لە دەنگبێژی بوو.
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ دەنگبێژانی باکووری کوردستان چۆنە؟
مستەفا برووکی: پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە. هەموویان من دەناسن.
رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ کام دەنگبێژ هەیە، بەتایبەتی دەنگبێژە بەناوبانگەکانی باکووری کوردستان؟
مستەفا برووکی: لە ساڵی 1987 چوومە لای شاکرۆ، ئەو کاتە تەمەنم 20 ساڵ بوو. حاجی عادل کەریمی پاتنۆسیش هەبوو، لەگەڵ ئەویشدا دانیشتم. هەروەها لەگەڵ کەرەم دانیشتین. زۆر دەنگبێژی دیکە هەن وەک زارۆ، راستە لەگەڵی دانەنیشتووم، بەڵام پەیوەندیم لەگەڵی هەیە.
رووداو: کێ زۆرترین کاریگەری لەسەر تۆ هەبوو؟
مستەفا برووکی: من بچووک بووم دەنگبێژانی باکوور دەهاتنە ماڵی ئێمە، رۆژێک لە ماڵەوە بووم، تەمەنم 7 بۆ 8 ساڵ بوو. دەنگبێژێکی باکووری کوردستان هاتە ماڵی ئێمە. ناوی رەسووڵ بوو، لاوکێکی بەناوی کەرەما نازی گوت، کە ئیلهامی دەخستە دڵی مرۆڤ و کاریگەری زۆری لەسەر من هەبوو.
رووداو: با بچینە ناور، ناوی گوند و زێدی ئێوەشە، یەکێکە لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی دەنگبێژی، لە کوێوە هاتووە و چیرۆکەکەی چییە؟
مستەفا برووکی: ناور بە دەریاچەکەی ناسراوە. دەریاچەی ناور بە نێوبانگە. ناور بە شەڕی شێخ زاهر ناسراوە. شەڕی شێخ زاهر ئەفەندی، کە لە شەڕەکەدا بووە شەهیدێکی کورد. کاتێک ڕاپەڕینی ئاگری بڵاو بووەوە، شێخ زاهر هاتە ناور بۆ ئەوەی لەوێوە بپەڕێتەوە بۆ باکووری کوردستان. لە ناورەوە دەچێتە گوندی شێخ رۆم لە باکووری کوردستان، کە هاوسنووری گوندی ناورە. لەوێ خەڵک دەپرسن بۆ کوێ دەچی؟ دەڵێت ئەتاتورک لێی خۆش بووە و دەچینە وڵاتی خۆمان. بەڵام ئەوانیش دەڵێن ڕاستە لێبووردنی دەرکردووە، بەڵام لێبووردن بۆ تۆ نییە و بەقەد سەری تۆ زێڕی داناوە بۆ هەر کەسێک کە سەری تۆ بێنێت. هەربۆیە شێخ زاهر گەڕایەوە، کە گەڕایەوە لەگەڵ کەسێک بە ناوی کەریم ئەفەندی لە دەریاچەی ناور، کە بەفرێکی زۆری تێدایە شەر روودەدا و شێخ زاهریش بریندار دەبێت و دوای سێ رۆژ شەهید دەبێت. گۆڕەکەی ئێستاش لە ناورە.
رووداو: هیچ کەسێک لە خێزانەکەت، لە منداڵەکانت فێری دەنگبێژی نەبووە. ئایا لە نێو لاوانی ورمێدا دەنگبێژ هەن؟
مستەفا برووکی: بەڵێ دەنگبێژی بەردەوامە و لە خێزانەکەماندا کوڕەکانم سەرقاڵی هونەرن، یەکێکیان ئۆرگ دەژەنێت و ئەوی دیکەیان لاوک دەڵێت، دەنگبێژە و ناوی فەرهادەو زۆر باش لاوک دەڵێت.
رووداو: بەگشتی لە ناو گەنجان هونەری دەنگبێژی برەوی هەیە؟
مستەفا برووکی: بەڵێ بەگشتی و زۆریشمان هەن، فێریان دەکەین، چونکە ئەوە کولتووری ئێمەیە، مێژووی ئێمەیە.
رووداو: ئەوە مانای ئەوەیە گەنجانی ورمێش فێری دەنگبێژی دەکەیت؟
مستەفا برووکی: ئەوانەی دێنە لای ئێمە فێریان دەکەین. ئەمە کولتووری ئێمەیە، وەک دارێکی ژیان، هەرکات ئاوی بدەین، بە سەوزی دەمێنێتەوە.