رووداو دیجیتاڵ
تیپی مۆسیقای سلێمانی، بە بەشداری ژمارەیەک هونەرمەند، کۆنسێرتێکی خێرخوازی ساز دەکات و داهاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی تووشبووانی شێرپەنجەیە.
خالید سەرکار، بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوی کوردستان بۆ هاوکاریی نەخۆشانی شێرپەنجە، بە رووداوی راگەیاند، لە 15-10-2022 تیپی مۆسیقای سلێمانی، بە بەشداری چوار هونەرمەندی گۆرانیبێژ، کۆنسێرتێک ساز دەکات و داهاتەکەی بۆ سەنتەری ژیانەوە تەرخان دەکرێت کە تایبەتە بە پشکنینی شێرپەنجە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، چالاکییە هونەرییە خێرخوازییەکە بە پێشنیازی ئەو بووە و لەلایەن رێکخراوی کوردستان بۆ هاوکاریی نەخۆشانی شێرپەنجە و بەهاوکاری تیپی مۆسیقای سلێمانی سازدەکرێت.
رێکخراوی کوردستان بۆ هاوکاریی نەخۆشانی شێرپەنجە، لە 2012 لە سلێمانی دامەزراوە و د. ئەختەرنەجمەدین بەرپرسیەتی.
سەرکار روونیشیکردەوە، داهاتی کۆنسێرتەکە بۆ دابینکردنی ئامێرێکە بۆ سەرنتەری ژیانەوە کە حکومەت بۆی دابین ناکات.
کۆنسێرتەکە کاژێر 3ـی دوای نیوەڕۆی شەممەی داهاتوو لە تەلاری هونەر سازدەکرێت و بە بلیتە.
بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوی کوردستان، لەبارەی بەرنامەی کۆنسێرتەکە، گوتی، لە کۆنسێرتەکەدا هەریەک لە هونەرمەندان کەویار، نیان عەبدوڵڵا، هەردی عوسمان عەلی و مەبەست شەریف دوو گۆرانی پێشکێش دەکەن، هەروەها بەرهەمێکی نیشتمانیش پێشکێش دەکرێت کە بۆ دۆخی ئێستا ئامادەکراوە.
تیپی مۆسیقای سلێمانی، لە 1967 لەلایەن دەستەیەک لە ھونەرمەندانی شاری سلێمانی دامەزرا، بە فەرمی ناساندن و وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردنی لە 1973 بووە.
ئەندامانی تیپەکە پێشتر لە بەشێک لە گرووپە میوزیکییەکانی دیکەی وەک 'ھیوا' و 'خۆشی و بەختیاری' کاریان کردووە.
سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی شێرپەنجە بەتیشك، لە 2009ـدا دامەزراوە و لە هەموو پارێزگاكانی هەرێم و عیراقەوە تووشبووانی شێرپەنجە سەردانی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ