لە بەرلین فێستیڤاڵی رووناکی بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی ساڵانەی رووناکی بەڕێوەدەچێت، ئەوە وێڕای رێکارەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ کەمکردنەوەی بەکاربردنی کارەبا لە ئەنجامی قەیرانی گاز و وزە. 
 
شەوانە سەتان کەس لە گۆڕەپان و بەردەم شوێنە کولتوورییەکانی بەرلین کۆدەبنەوە بۆ بینینی نماییشی رووناکیی رەنگاوڕەنگ لەسەر دیواری باڵەخانە مێژووییەکانی شارەکە و وێنەی یادگاری دەگرن. 
 
بەشێک لەو شوێنانەی کە زۆرترین کەس سەردانی دەکەن بریتین لە دەروازەی براندنبۆرگ، گۆڕەپانی بێبێل پلاتز، کەنیسەی، ێدویگس، زانکۆی هەمبۆڵد و هۆڵی ئۆپێرای بەرلین. 
 
فێستیڤاڵەکە تاوەکو 16ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. 
 
یەکەمین جار فێستیڤاڵەکە لە ساڵی 2005 بەڕێوەچوو. 
 
هەموو پاییزێک، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە نێوخۆ و دەرەوەی ئەڵمانیا روو لە بەرلین دەکەن بە مەبەستی بینینی دیمەنە جوانەکانی شەوانی شارەکە. 
 
رێکخەرانی بۆنەکە باس لەوە دەکەن، لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا، بەهۆی بڕیارەکانی حکومەتەوە بۆ کەمکردنەوەی بەکاربردنی کارەبا، گڵۆپی ئێڵ ئی دی و دیزاینی سادەتر لە چاو ساڵانی رابردوو بەکاردەهێنرێن، هەروەها بە تەواوی پشت بە سەرچاوە سرووشتییەکانی کارەبا دەبەسترێت.
 
هەروەها ئەمساڵ کاژێرێک زووتر، واتە کاژێر 11:00ی شەو رووناکییەکان دەکوژێندرێنەوە.
 
جیاوازییەکی دیکەی فێستیڤاڵی ئەمساڵی رووناکیی بەرلین ئەوەیە کە تەنیا 35 شوێن بە رووناکی دەڕازێنرێنەوە، بەراورد بە نزیکەی سەت شوێن لە ساڵانی رابردوودا. 
 
حکومەتی ئۆلاف شۆڵتز دەستی بە هەڵمەتێکی نیشتمانی کردووە بۆ کەمکردنەوەی بەکاربردنی کارەبا بەهۆی زیادبوونی نرخی وزە لە ئەنجامی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا. 
 
لە مانگی ئاب، بەرلین دەستی بە کوژاندنەوەی رووناکییە رەنگاوڕەنگەکانی کرد کە 200 باڵەخانەی مێژوویی و مۆنومێنتیان رازاندبووەوە.