عەلیم قاسیمۆڤ لە بەرپرسیارێتیی نازناوی 'بوولبوولی رۆژهەڵات' ماندوو بووە
رووداو دیجیتاڵ
لە دیداری سلێمانی بۆ کولتوور و هونەر، عەلیم قاسیمۆڤ، هونەرمەندی ناسراوی ئازەربایجان گۆرانی پێشکێشکرد و دەڵێت، لە بەرپرسیاریەتی ئەوەی کە وەک بولبوولی رۆژهەڵات ناسراوە، ماندوو بووە.
دیدارەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 10-9-2023 بە ناونیشانی ئاوازی رۆژهەڵات: ریشەی هاوبەش و هەمەڕەنگیی میوزیکی بیانی لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
یەکەم پانێلی دیدارەکە کە عەلیم قاسمۆڤ تێیدا بەشداربوو و لەلایەن هونەرمەند هەژار زەهاوی بەڕێوەبردرا، گفتوگۆ لەبارەی ئەوەوە کرا کە چۆن میوزیک دەتوانێت بگاتە گوێگرانی نێودەوڵەتی؟ هاوکات چۆن کولتوورە جیاوازەکان لە رێگەی میوزیکەوە پێکەوە ببەسترێنەوە.
هەژار زەهاوی لە پانێڵەکەدا گوتی، ئێوە وەک بولبوولی رۆژهەڵات ناسراون، عەلیم قاسمۆڤ لە وەڵامدا گوتی، لەو بەرپرسیاریەتییە ماندوو بووە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو کاتی خۆی گوێی لە زۆر بەرهەم گرتووە لە رێگەی قەوان و کاسێتەوە، "ئەوکات بەرهەمەکان لە یەک دەچوون، ئەوەی لای من گرنگ بوو لە رۆحەوە دەچڕدران."
لەبارەی میوزیکی کوردییەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، میوزیکی کوردی و ئازەربایجان لە یەک ناوچەن و بێگومان کاریگەرییان بەسەر یەکەوە دەبێت. "ئێوارە لەنێو ئۆتۆمبێل بووم لەگەڵ دکتۆر بەرهەم ساڵح گوێم لە گۆرانییەکی کوردی بوو و زۆر کاریگەری لەسەرم هەبووە و میوزیکەکەی زۆر جوان بوو."
لەبارەی کاریگەری میوزیکی رووسی لەسەر میوزیکی ئازەربایجان، روونیکردەوە، ئەو پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە، بەڵام میوزیکی رووسی کاریگەری لەسەر میوزیکی وڵاتەکەی هەبووە.
هەر لە دیدارەکەدا پانێڵی هونەرمەند نەسیر شەممە، هونەرمەند عەلا مەجید، هونەرمەند گۆران کامیل، هونەرمەند پەرڤین چاکار و هونەرمەند نەجات ئەمین لە چەند پانێڵێکدا گفتوگۆ لەبارەی هونەر دەکەن کە لەلایەن زانکۆی ئەمریکی لە عێراق ناوەندی کەشکۆڵ بۆ هونەر و کولتوور سازکراوە.