دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ دەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بە بەشداریی 116 فیلمی کوردی و جیهانی لە دهۆک دەستیپێکرد و بەڕێوەبەری راگەیاندنی فێستیڤاڵەکەش دەڵێت، "ئەم ساڵ 50 فیلمی کوردی بەشدارن".
 
رۆژی شەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2023، دەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بە دروشمی "زمانی کوردی" لە دهۆک بە بەشداری 50 فیلمی کوردی و 66 فیلمی بیانی لە 34 وڵاتی جیهانەوە، دەستیپێکرد.
 

 
لە رێوڕەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، "سەرباری هەبوونی قەیرانی دارایی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی خۆی بۆ بەردەوامبوونی ئەم فێستیڤاڵە دووپاتکردەوە."
 
فێستیڤاڵەکە بە نمایشکردنی فیلمی "مێسیی بەغدا" لە دەرهێنانی سەهیم ئۆمەر خەلیفە دەستیپێکرد. حەسەن عارف، بەرپرسی راگەیاندنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لیژنەی هەڵبژاردنی فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە کە لە شەش کەس پێکهاتوون، فیلمی میسیی بەغدایان هەڵبژاردووە بۆ کردنەوەی دەیەمین خولی فێستیڤاڵەکەمان".
 
وەکو حەسەن عارف ئاماژەی پێدەدات، "ئەم ساڵ 116 فیلم بەشداریی فێستیڤاڵیان کردووە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو 98 فیلم بەشدار بوون، پار 40 فیلمی کوردی بەشداری فێستیڤاڵیان کردبوو، ئەم ساڵ ئەو ژمارەیە هەڵکشاوە بۆ 50 فیلمی کوردی".
 
 
سەرجەم ئەو 116 فیلمەی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن، بۆ بەدەستهێنانی 26 خەڵات ركابەریی یەکتر دەكەن، کە بەرزترین خەڵاتی فێستیڤاڵەکە، خەڵاتی یەڵماز گۆنایە.
 
بڕیارە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بۆ ماوەی هەشت رۆژ بەردەوامبێت و رۆژی 16ـ12-2023 کۆتایی بە کارەکانی بهێنێت.