رووداو دیجیتاڵ
نەڤید زەردی هونەرمەندی کورد، کاژێر هەشت و چوار خولەکی ئەمشەو بە کاتی کوردستان، نوێترین بەرهەمی بەشێوەی دوێت لەگەڵ گیمس، هونەرمەندی فەرەنسی بڵاودەکاتەوە.
نەڤید زەردی پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، 'پۆز' نوێترین بەرهەمیەتی و ساڵانێکی زۆرە کاری بۆ دەکات، ئەو کارەی لەگەڵ هونەرمەند گیمسە کە ناوبانگییەکی جیهانی هەیە.
گیمس گۆرانیبێژ و میوزیسیانی فەرەنسی و بە رەچەڵەک کۆنگۆلی کە لە میوزیکی هیپ هۆپ و ئار ئاند بی کاردەکات، ماوەی 14 ساڵە یەکێک لە هونەرمەندە پلە یەکەکانی ئەوروپایە و هەریەک لە ڤیدیۆکلیپەکانی ملیۆنان بینەریان هەیە.
نەڤید زەردی گۆرانیبێژ و میوزیسیانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە 2004ـەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و لەسەری ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان ناوبانگی هەیە، چوار ئەلبووم و 30 گۆرانی سینگڵی و چەندین ڤیدیۆکلیپی بڵاوکردووەتەوە و لەرێگەی کۆمپانیا تایبەتەکەی 12 گۆرانیبێژ هەیە و تێکست و ئاوازی بۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندانی بیانیش داناوە و بە ستایلی پۆپ، رۆک، ھیپ ھۆپ بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە.
ڤیدیۆکلیپەکانی ئەو هونەرمەندە کوردە ملیۆنان بینەریان هەیە، جگە لە کورد، بینەری بیانیشیان هەیە و کۆمێنت بۆ ڤیدیۆکلیپەکانی دەنووسن، ڤیدیۆکلیپی 'ئەیلا' کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند عەبە کاریب، زیاتر لە 21 ملیۆن بینەری هەیە.
دوایین بەرهەمی زەردی بەناوی 'کوردە' بوو کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند شاناز و لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە 14 ملیۆن بینەری هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ