گرووپی بلاکپینک کۆنسێرتێک لە سعودیە سازدەکات

08-11-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن گرووپی بلاکپینک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گرووپی میوزیکی بلاکپینکی کۆریای باشوور، کۆنسێرتێک بۆ هەوادارانی لە ریازی پایتەختی سعودیە سازدەکات و گوڵبژێرێک لە گۆرانییەکانی پێشکێش دەکات.   
 
کۆنسێرتێکە لە 'وەرزی ریاز' لە 20 کانوونی دووەمی 2023 سازدەکرێت و بلیتی کۆنسێرتەکە لە 8 و 11 ئەم مانگە بە دوو قۆناخ دەفرۆشرێن.
 
کۆنسێرتی گرووپی بلاکپینک لە ریاز، بەشێکە لە گەشتە هونەرییەکەی ئەو گرووپە کۆریە لە جیهاندا کە چەندین کۆنسێرت لەخۆدەگرێت و پێشتر لە بانکۆک، جاکارتا، هۆنگ کۆنگ، ئەبوزەبی و مانێلا کۆنسێرتیان هەبووە.
 
رێکخەرانی وەرزی ریاز 2022، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەو چالاکییە کە لە 21 تشرینی یەکەمی 2022 دەستیپێکرد، لە ماوەی 15 رۆژدا دوو ملیۆن کەس تێیدا ئامادەبوونە.
 
وەرزی ریاز 2022، جگە لە سازکردنی کۆنسێرت بۆ هونەرمەندانی عەرەب و جیهانی، چەندین شوێنی کات بەسەربردنیشی کردووەتەوە و بڕیارە لەم مانگەدا حەوت شوێنی دیکەش بۆ کات بەسەربردن بکرێنەوە. 
 
گرووپی بلاکپینک، لە چوار ئەندام پێکهاتووە و لە 8ـی ئابی 2016 لە کۆریای باشوور دامەزراوە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانی بەناوی 'Square One' بڵاوکرایەوە و دوو تراکی ئەلبوومەکە بەناوی 'Whistle' و 'Boombayah' دەنگدانەوەی زۆریان هەبووە.
 
بلاکپینک، بە سەرکەوتووترین گرووپی میوزیکی کچان لە کۆرۆیای باشوور دەناسرێت و لە جیهانیشدا ناوبانگییەکی زۆری هەیە.
 
بلاکپینک، یەکەم گرووپی کچانی کۆرییە، یەک ملیۆن کۆپی لە یەک ئەلبوومیان فرۆشراوە و پێنج ڤیدیۆکلیپیان لە سەرووی یەک ملیار بینەرە لە یوتیوب و یەکەم گرووپی کچانی کۆرییە خەڵاتی ئێم تیڤی وەردەگرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە