لە بەریتانیا جلوبەرگی ئەکتەرە بەنێوبانگەکان مەزاد دەکرێت؛ 'جاکەتێک بە 400 هەزار دۆلارە'

 
رووداو دیجیتاڵ

لە بەریتانیا جلوبەرگی ئەکتەرە بەنێوبانگەکان مەزاد دەکرێت؛ جاکەتێکی هاریسۆن فۆرد لە فیلمی ئیدیانا جۆنز پێشبینی دەکرێت بە 400 هەزار دۆلار بفرۆشرێت.
 
کڵاوی سەربازە بەنێوبانگەکانی فیلمی (شەڕی ئەستێرەکان)، کڵاوەکەی (راسل کروو) کە لە فیلمی گلادیاتەر رۆڵی ماکسیمۆسی گێڕا و دەیان کەرەستەی دیکە کە لە فیلمە بەنێوبانگەکاندا بەکارهاتوون، لە مەزادخانەی (پرۆپ ستۆر) لە شاری (ریکمێنزوێس) لە بەریتانیا مەزاد دەکرێن.
 
ستێفن لەینز، خاوەنی مەزاتخانەی (پرۆپستۆر) دەڵێت، "ئەم کڵاوە تایبەتە، کڵاوکەوەکەی ماکسیمۆسە کە لە بەشی فیلمەکە کە پەیوەستە بە شەڕی شاری (کاتاژ) لەسەری نابو. 100 هەزار پاوند تاوەکو 200 هەزار پاوندمان بۆ داناوە."
 
1800 پارچەی ئیکسێسوارات و جلوبەرگی ئەکتەرەکان کە لە 300 فیلم و زنجیرە دراما بەکارهاتوون لە مەزادی ئەمجارەدا لەلایەن پرۆپستۆرەوە دەخرێنەڕوو، لە نێوانیشیاندا جلوبەرگەکەی کلین ئێستوود، ئەکتەری بەنێوبانگی هۆلیوود.
 
خاوەنی مەزاتخانەی (پرۆپستۆر) ئاماژەی بەوە کرد، "فیلمی (باش، خراپ و ناشیرین) یەکێکە لە فیلمە باشەکانی هۆلیوود. ئەو جلوبەرگ و جوانکارییانەی کە (کلینت ئێستوود) لەو فیلمەدا بەکاری هێناون، دەگمەنن و دەست ناکەون. سەرەتای ئەمساڵ لە کۆگایەکی بە کرێدانی جلوبەرگ دۆزیمانەوە. بۆ ماوەی 60 ساڵە کەس دەستی نەدەکەوت."
 
جلوبەرگەکانی ئەکتەری هۆلیوود، شۆن کانری کە رۆڵی جەیمز بۆندی لە فیلمەکاندا دەگێڕا، هەندێکیان نمایش کراون.
 
دەستنووس و نووسراوی هەندێ لە گرووپە مووسیقییە بەناوبانگەکانی وەک (نێکست جێنێرەیشن)یش نمایش کراون.
 
گرانترین جلیش کە چاوەڕاون دەکرێت لە نێوان 200 هەزار تاوەکو 400 هەزار دۆلار بفرۆشرێت، جاکەتێکی (هاریسن فۆرد)ە کە لە فیلمی (ئیندیانا جۆنز) لەبەری کردووە.