فیلمێکی کوردی دەچێتە فێستیڤاڵی کان

رووداو - هەولێر

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئەمریکا و ئەوروپا فیلمێکی کوردی بەناوی شەوباش پێشمەرگە، کە لە دەرهێنانی دەرهێنەری ناوداری کورد هونەر سەلیمە لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی فیلمی کان نمایشدەکرێت.

بڕیاربوو خولی 73یەمینی فێستیڤاڵی فیلمی کان لەم مانگە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو چالاکییەکان لە فەرەنسا وەستاون، بۆیە سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵی تائێستا کاتێکی دیاریکراویان بۆ سازکردنی فێستیڤاڵی فیلمی کان دیاری نەکردووە.

کۆمپانیای زە پارتی فیلم سەیلز کۆمپانیایەکی فەرەنسییە و بنکەی سەرەکی لە پاریسە، کاری بڵاوکردنەوەی فیلمە نوێیەکەی دەرهێنەری کورد هونەر سەلیم دەکات، فیلمەکە لە کوردستان بەرهەمهێندراوە و باس لە کچ و کوڕێک دەکات کە خۆشەویستی یەکدین. ئەم کچ و کوڕە تاوەکو بەیەکدەگەن رووبەڕووی بەربەستەکانی خانەوادەکەیان دەبنەوە، دواتر کە بە یەکگەیشتوون رووبەڕووی چەند ئاستەنگێکی دیکە دەبنەوە، چونکە کوڕەکە لە کاتی شەڕ لە دژی چەکدارانی داعش وەک پێشمەرگەیەکی خۆبەخش بەشداری شەڕی کردوە و بریندار بووە و تووشی کێماسییەک لە رووی جەستەیەوە بووە.

کۆمپانیاکە چەند وێنەیەکی فیلمەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە ئێستا لە قۆناخی کۆتایی بەرهەمهێنانی دایە. هونەر سەلیم کە ئێستا لە نێوان فەرەنسا و کوردستان دەژیت، فیلمەکەی لە ژێر ناوی کۆمپانیای agat film و لەگەڵ HS Production کۆمپانیایەکی فەرەنسی، لەلایەن بەرهەمهێنەر Marc Bordure بەرهەمدەهێنێت.

هونەر سەلیم، دەرهێنەری ناوداری کورد، لە ساڵی 1964 لە شاری ئاکرێی باشووری کوردستان لە دایکبووە، هونەر لە تەمەنی 17 ساڵیدا بەھۆی سیاسەتەکانی سەددام حوسێن بەتەنیا بەرەو ئیتاڵیا رۆیشتووە. ئەو یەکەمین فیلمی خۆی لە کوردستان دروستکرد، ئەو فیلمە، فیلمێکی 16 میلیمەتری بوو و ئەکتەرەکانی باوک و براکەی ھونەر سەلیم بوون. بەڵام بەرھەمھێنانی ئەم فیلمە بەھۆی بۆمببارانەکانی سەددامەوە تەواو نەکرا. دواتر لەگەڵ گیلۆ پۆنتێکۆرڤۆ بەرھەمھێنەری ئیتاڵی چاوپێکەوتنێک دەکات، ھونەر سەلیم داوای لێدەکات، کە فیلمەکەی وەکو فیلمێکی ناتەواو لە فێسیڤاڵی فیلمی وێنیز پیشان بدرێت. فیلمەکە پیشاندرا و خەڵاتێشی بردەوە.

ناوەڕۆکی فیلمەکانی ھونەر سەلیم زیاتر باس لە کێشەی کورد لە ئێران، عێراق، تورکیا و ئەرمەنستان دەکەن، هونەر سەلیم لەساڵی 1985 بەرەو فەرەنسا بەرێکەوت و ئیتر لەوێ بەیەکجاری گیرسایەوە. بەشێکی زۆر لە فیلمەکانی هونەر سەلیم لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان خەڵاتیان وەرگرتووە، وەکو فیلمی "ڤۆدگا لیمۆن" لەساڵی 2003 لە فێستیڤاڵی سینەمایی ڤێنێسیا لە ئیتالیا خەڵاتکراوە، لەساڵی 1999 فیلمی "قاچاخچیەکانی هیوا"خەڵاتی وەرگرت، لە ساڵی 1997 لە فێستیڤاڵی هەندرێسی فەرەنسی خەڵاتی باشترین سیناریۆی وەرگرتووە.

هونەر سەلیم کە خاوەنی 12 فیلمی سینەماییە و ١2 لەو فیلمانەی لەبارەی کورد و دۆزەکەیەتی. هاوکات هونەر رۆمانیش دەنووسێت و یەکێک لە رۆمانە ناسراوەکانیشی، کە بە زمانی فەڕەنسی نووسیویەتی و وەرگێڕدراوەتە سەر زیاتر لە بیست زمان، رۆمانەکەش بەناوی (تفەنگەکەی باوکم)ە. لەم رۆمانەدا هونەر سەلیم باس لە ژیانی خۆی لە سەردەمی منداڵی و ژیانی خێزان و دەوروبەرەکەی دەکات، کە لەلایەن دەزگایەکی چاپەمەنی ئیتاڵی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.