کورتەفیلمی کوردیی "جانتا" خەڵاتی دووەمی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور بردەوە
رووداو دیجیتاڵ
خەڵاتەکانی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور دابەش دەکرێن. کورتەفیلمی کوردی "جانتا" خەڵاتی دووەمی لە بەشەی کورتەفیلم، وەرگرت.
پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە هەشتەمین رۆژی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور، خەڵاتەکان دابەش دەکرێن. بەربژێرەکان و سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دادوەری لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵ تێدەپەڕنەوە.
پەیام سەربەست راشیگەیاند، دوو پێشبڕکێی سەرەکی لە فێستیڤاڵەکەدا هەن، یەکەمیان بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم، کە 17 فیلم لە پێشبڕکێدان و بەشی پێشبڕکێی کورتەفیلم کە 23 فیلم لە پێشبڕکێدان.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو راشیگەیاند، براوەی یەکەمی پێشبڕکێی بەشی کورتەفیلم، بەخشرایە کورتەفیلمی "somewhere in between" لە دەرهێنانی دالیا نەبلیش کە کچێکی فەرەنسی بەڕەگەز لوبنانی دەرهێنانی بۆ کردووە. کورتە فیلمی کوردی "جانتا" خەڵاتی دووەمی لە بەشی کورتە فیلم وەرگرت.
کورتەفیلمی "جانتا" لە دەرهێنانی هەردوو دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان سامان حوسێنپوور و ئاکۆ زەند کەریمی-یە. فیلمەکە باس لە پەنابەرێکی کورد دەکات کە لەنێو جانتاکەیدا بیرەوەرییەکانی ماڵباتەکەی هەڵگرتووە، دواتر کەسێک ئەو جانتایەشی دەدزێت.