رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند ماهیر ئەمین، بڕیارە ئەمڕۆ بەرهەمێکی رۆمانسی و زۆر ئاشقانە بۆ هەودارانی بڵاوبکاتەوە و باس لە چیرۆکی دوو ئاشق دەکات کە بە یەک ناگەن، بەیەک نەگەیشتنەکەش هۆکارەکەی بێ وەفایی یەکێکیانە.
'دوعام بۆ بکەن' لە تێکستی و ئاوازی هێمن رەشوانییە و ماهیر ئەمین لە نووسینی تێکستەکەی بەشداربووە، کاری میوزیکی لەلایەن هەردوو هونەرمەند نەجیب گولسون و کاوە کاوانی کراوە و لە ئیستەنبووڵی تورکیا تۆمارکراوە.
ڤیدیۆکلیپەکە لە چەند شوێنێکی جیاواز لە باشووری کوردستان وێنەگیراوە و لەلایەن بڵند سۆران کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و کاژێر 18:0ـی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2022 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێتەوە.
لە ڤیدیۆکلیپەدا چەند کەسێک رۆڵی کارەکتەرەکانی نێو چیرۆکەکە دەگێڕن، بە کورتی چیرۆکەکەی باس لە گەنجێکی بڕوادار دەکات کە بەهۆی بێ وەفایی خۆشەویستەکەی رێگەیەکی خراپ دەگرێتەبەر و ئاڵوودەی خواردنەوە کهولییەکان دەبێت.
لە تێکستی گۆرانییەکەدا هاتووە: 'ئەوەندەی من ژیاوم دووربووم لە مەی و مەستی، هەمیشە لە مزگەوت بووم بۆ نوێژ و خوا پەرستی، بەڵام ئەو بێ وەفایە وەها بەد مەستی کردووم، لە دین و دنیای کردم و وا لە مەیخانە کەوتووم'.
ماهیر ئەمین، لە رواندز لەدایکبووە، لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو دەستی بە کاری هونەری کردووە، چوار ئەلبووم و چەند گۆرانییەکی بە تاک بڵاوکردووەتەوە و بەشێکیان بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بەرهەمهاتوون.
یەکێک لەو بەرهەمانەی دەنگدانەوەی زۆری لە نێو خەڵکدا هەبوو، 'سێوخان' بوو و بەر لە نزیکەی 20 ساڵ بڵاوکرایەوە و ماهیر ئەمین، لە 2014 بە میوزیک و دابەشکردنێکی نوێ بەرهەمی هێنایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ