شاجوانی ژاپۆن بەهۆی پەیوەندییەکی خۆشەویستییەوە وازی لە ناسناوەکەی هێنا

07-02-2024
لهۆن نەسرەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شاجوانی ژاپۆن بۆ ساڵی 2024 وازی لە ناسناوەکەی هێنا و داوای لێبووردنی لەو کەسانە کرد دەنگیان پێدابوو.

دوای کەمتر لە مانگێك لە بردنەوەی ناسناوی شاجوانی ژاپۆن، بەهۆی ئاشکرابوونی پەیوەندییەکی خۆشەویستی لەگەڵ پزیشکێكی خێزاندار، کارۆلینا شینۆ دەستبەرداری ناسناوەکەی بوو و داوای لێبووردنی لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە دەنگیان پێدابوو و متمانەیان پێکردبوو. 
 
کارۆلینا شینۆ لە ئینستاگرام نووسی، "سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە هەرگیز نەمدەویست راستییەکە بڵێم، چونکە ترسم هەبوو لەو هەرایەی دەینێتەوە؛ داوای لێبووردن لە هەموو ئەوانە دەکەم کە پشتگیریی منیان کرد و هانیاندام؛ ئەم بابەتە زۆر بە جیدی وەردەگرم و بۆیە دەستبەجێ واز لە ناسناوی شاجوانی ژاپۆن دەهێنم".
 
رەوشت و راستگۆیی بەشێکن لەو بنەمایانەی کە لیژنەی هەڵبژاردنی شاجوان دەنگیان لەسەر دەدەن. لەسەر بنەمای "هۆکاری تایبەت"، لیژنەی پێشبڕکێی هەڵبژاردنی شاجوانی ژاپۆن بە داواکەی شینۆ رازی بوو و رایگەیاند، "ناسناوی شاجوانی ژاپۆن بۆ ساڵی 2024 بە بەتاڵی دەمێنێتەوە".
 
کارۆلینا شینۆی تەمەن 26 ساڵ لە کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ بە شاجوانی ژاپۆن هەڵبژێردرا و بووە یەکەمین شاجوانی ژاپۆن کە جگە لە وڵاتینامەی ژاپۆن هەڵگری وڵاتینامەی ئۆکراینایە. 
 
کارۆلینا شینۆ لە ساڵی 1998 لە دایکوباوکێكی ئۆکراینی لە شاری تیرنۆپلی رۆژئاوای ئەو وڵاتە لەدایکبووە؛ پاشان دایکی لە باوکی جیابووەوە؛ دایکی لە ساڵی 2003دا لەگەڵ پیاوێکی ژاپۆنی ژیانی هاوژینی پێکهێنا و لەگەڵ کارۆلینای کچی کە ئەو کات تەمەنی 5 ساڵ بوو، چوونە ژاپۆن و لەوێ درێژەیان بە ژیانیان دا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە