نەسیر شەممە خەڵاتی "کەسایەتی ساڵ"ـی پێبەخشرا

07-01-2021
پەسار فایەق
A+ A-
رووداو-هەولێر

رێکخراوی نێودەوڵەتیی هۆڵەندی بۆ ئازادی و پاراستنی مافی مرۆڤ و ئاشتیی جیهانی، خەڵاتی "کەسایەتی ساڵ"ـی بەخشییە نەسیر شەممە هونەرمەندی دیاری کورد.
 
وەزارەتی رۆشنبیری عێراقی، ئەمڕۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتەکە پیرۆزبایی لە نەسیر شەممە کردووە، کە هەموو هەوڵێک لە پێناو هونەر، ئاشتی و مرۆڤایەتی دەدات. 
 
نەسیر شەممە لە 1963 لە شاری کوت لە عێڕاق لە دایکبووە و خۆی خەڵکی خانەقینی باشووری کوردستانە و ناوبانگییەکی جیهانی هەیە، خاوەنی ماڵی عودە لە چەند وڵاتێکی عەرەبی کە فێرگەیەکی تایبەتە بە فێرکردنی ژەنینی ئامێری عود. 
 
شەممە تاوەکو ئێستا چەندین خەڵاتی جیهانی و هەرێمی لە بواری ژەنینی عود وەرگرتووە، هەروەها دەیان جار داهاتی کۆنسێرتەکانی لە کاری خێرخوازی خەرج کردووە و لە سەرانسەری جیهانیش کۆنسێرتی بە تەنیا و بەهاوبەشی سازکردووە.
 
بەسپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی 20-6-2019 گەورەترین کۆنسێرتی میوزیکی بەبەشداری کۆمەڵێک لە ژەنیارانی نێوداری جیهانی لەسەر قەڵای دێرینی هەولێر بەناوی "شارەکانی نێرگز" سازکرد، کە یەکێک لە کۆنترین شوێنەکانی جیهان کە بەبەردەوامی مرۆڤی تێیدا ژیاوەو هێشتا ژیان تێیدا بەردەوامە پێشکەشکرد، کە بە سەرپەرشتی هونەرمەند نەسیر شەممە ئەم کۆنسێرتە بەڕێوەچوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە