رەنگی ساڵی 2025 دیاریکرا
رووداو دیجیتاڵ
پەیمانگەی پانتۆنی ئەمریکی کە نزیکی 25 ساڵە رەنگی ساڵ دیاریدەکات، رەنگی ساڵی 2025ـی دیاریکرد.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی 2025، پەیمانگەی پانتۆن بە فەرمی نوێترین رەنگی ساڵی خۆی هەڵبژارد؛ بۆ ساڵی 2025 رەنگی مۆکا مووس "Mocha Mousse" کە رەنگێکی قاوەیی نەرم و مەیلەو ئاڵتوونی یاخود قاوەییەکی گەرمە کە تۆنێکی دەوڵەمەندی هەیە، دەبێتە رەنگی ساڵ.
رەنگەکە لە کاکاو، چۆکلێت، قاوە و تۆنە هاوشێوەکان دەدۆزرێتەوە.
پەیمانگەی پانتۆن ساڵانە لە مانگی کانوونی یەکەم رەنگی ساڵی داهاتوو دیاریدەکات؛ ئەم رەنگە لە رێگەی سیستمێکی تایبەتەوە هەڵدەبژێردرێت و لە چەندین پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی گرافیک دیزاین، دیزاینی مۆدە، دیزاینی بەرهەمهێنان و چاپکردن. ئەوەش وێڕای ئەوەی لە ژیانی رۆژانە و دیجیتاڵیش دا بەکاردەهێندرێت.
ساڵی 2024 رەنگی پیش فەز "Peach Fuzz" بە رەنگی ساڵ دیاریکرا، کە رەنگێکی نەرم و پەمەیی-پرتەقاڵییە.
ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی 25 ساڵەی هەڵبژاردنی رەنگی ساڵ لەلایەن پانتۆنەوە رەنگێکی مەیلەو قاوەیی هەڵدەبژێردرێت.
رەنگی Mocha Mousse بە کۆدی #A47864 دەناسرێتەوە و تێکەڵەیەکە لە رەنگی خۆڵەمێشی و قاوەییەکی سادەی ورژێنەر. پەیمانگەکە لەو بارەیەوە دەڵێت: "رەنگێکی ئیلهامبەخشە و پەیوەندیی نێوان رەنگ و کولتوور دەردەخات."
زۆرجار رەنگەکان پەیوەستن بە هەستە تایبەتەکانەوە و پانتۆن گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە رەنگە نوێیەکە رێچکەی رەنگەکانی ساڵانی داهاتوو دیاریدەکات.
دامەزراوەکە ئەم رەنگە بە "قاوەیی نەرمی ورووژێنەر" وەسف دەکات و دەڵێت: "هەڵبژاردنی رەنگی ساڵ گوزارشت لە مەزاج و هەڵوێستێکی هاوبەشی جیهانی دەکات، رەنگدانەوەی ئارەزووی خەڵکە لە رەنگێکی جیاوازدا."
لۆری پرێسمان، جێگری سەرۆکی پەیمانگەی رەنگی پانتۆن دەڵێت: "پشتمان بە هەڵبژاردنی رەنگێکی سادە بەستووە کە نەرم و چێژبەخش بێت."
کۆمپانیای پانتۆن لە ساڵی 1999ـەوە ساڵانە رەنگەکانی ساڵ رادەگەیەنێت؛ بۆ ئەوەی بڕیار بدات کام رەنگ هەڵدەبژێردرێت، تیمێکی نێودەوڵەتی پەیوەست بە مۆدە، دیزاین، تەکنەلۆژیا، هونەر و پیشەسازی لێکۆڵینەوە دەکەن لە هەڵبژاردنی باشترین بژاردە بۆ رەنگی ساڵ.