دینا لە نوێترین بەرهەمیدا بە ستایلێکی نوێ دەردەکەوێت

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند دینا، ڤیدیۆکلیپێکی نوێی بەناوی 'مەیل' بڵاوکردەوە و لەم بەرهەمەدا بە ستایلێکی نوێ دەردەکەوێت و دیزاینی جلەکەی بۆ سەدەی هەژدە دەگەڕێتەوە.
 
ئەم بەرهەمە لە ئاوازی هونەرمەند هەڵکەوت زاهیرە و لە تێکستی شاعیر محەممەد حاجی قادرە، هێمن حوسێن کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە.
 
دینا بە رووداوی راگەیاند، 'مەیل' بەرهەمێکی پایزییە و ئەو جلوبەرگەی پۆشیویەتی بۆ سییەکانی سەدەی هەژدە دەگەڕێتەوە و ئینگلیزەکان ئەم جۆرە جلوبەرگەیان پۆشیوە، تۆمارکردن گۆرانی و ڤیدیۆکلیپەکە و ئامادەکارییەکانی سێ مانگی خایاندووە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، یەکەمجارە بەرهەمێک بە ستایلی رۆمانسی بڵاوبکاتەوە، هەروەها یەکەمجارە لەگەڵ شاعیر محەممەد حاجی قادر کار بکات و هونەرمەند هەڵکەوت زاهیرە ماوەیەکی زۆر کاری لەسەر ئاوازەکەی کردووە. گوتیشی "بەرهەمێکی تایبەت و جیاوازە و دیمەنەکانی لە سلێمانی وێنەگیراون".
 
ڤیدیۆکلیپی گۆرانی 'مەیل' لە دەرهێنانی بڕیار فەتاحە و لە کەناڵی تایبەتی هەڵکەوت زاهیر لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.