لە هۆڵەندا کتێبی 'زارۆکانی زاگرۆس' بە کوردی بڵاودەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

"زارۆکانی زاگرۆس" کتێبێکی زۆر تایبەتی شاد رەئوف قەزازە، کە ئەم رۆژانە بە زمانی کوردی لە هۆڵەندا بڵاودەبێتەوە. پێشتر کتێبەکە بەناوی (Kinderen van de Zagros) بڵاوکرابووەوە.
 
شاد قەزاز، نووسەری کتێبی "زارۆکەکانی زاگرۆس،" لەدایکبووی شاری رانیەیە و لە سلێمانی گەورە بووە، لە ساڵی 1997 لەگەڵ خانەوادەکەی دەگەنە هۆڵەندا، کە ئەوکات تەمەنی تەنیا حەوت ساڵ بووە و دواتر لەوێ بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە فەلسەفەدا بەدەستدەهێنێت.
 
شاد لە رێگەی سکایپەوە میوانی دیاسپۆرا بوو، لەبارەی کتێبەکەی گوتی، "لە ساڵی 2022 دەستم بە نووسینی کتێبەکە کرد بە زمانی هۆڵەندی، دوای نزیکەی ساڵ و نیوێک توانیم تەواوی بکەم و بڵاومان کردەوە، ئێستا نزیکەی 600 دانەی لێ فرۆشراوە."
 
شاد، کوڕی ئازاد قەزازی نووسەری کوردە کە چەندین کتێبی لەبارەی مێژووی کورد و ئایینەوە نووسیوە، دەڵێت، "دوای ئەوەی کتێبەکەم تەواو کرد بە زمانی هۆڵەندی، باوکم بڕیاری دا کتێبەکە وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی، ئەوەبوو کتێبەکەی وەرگیڕا و تەواوی کرد، لە ماوەیەکی نزیکدا بڵاودەکرێتەوە و دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران."
 
شاد روونیکردەوە، نێوەڕۆکی کتێبەکەی باسی شازادەیەکی کورد دەکات، کە خانمێکە و لەلایەن باوکییەوە، کە پادشایە، رادەسپێردرێت بۆ ئەوەی دوای مردنی شوێنی ئەو پڕبکاتەوە، لە کاتێکدا ئەو خانمە شازادەیە چەند برایەکی هەیە و لە خۆیشی گەورەترن، بۆیە کچکە رازی نابێت، لەگەڵ پاسەوانێک رادەکات و لەوێوە کۆمەڵێک رووداو روودەدەن.