یوسف زێدان: بەداخەوە ناچمە هەولێر

06-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یوسف زێدان، نووسەری میسری دەڵێت، بە مەبەستی بەشداریکردن لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر سەردانی هەرێمی کوردستان ناکات. 
 
یوسف زێدان، نووسەر و رۆژنامەڤانی میسری، ئەمڕۆ یەکشەممە لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی فەیسبووک راگەیێنداوێکی بە ناونیشانی "بەداخەوە ناچمە هەولێر" بڵاوکردەوە و دەڵێت: "بەڵێنم بە برا و هاوڕێ کوردە عێراقییەکانم دابوو، ئەوانەی هەستاون بە رێکخستنی پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە شاری هەولێر، کە بەشداری بکەم لە چالاکییەکانی ئەو پێشانگەیە کە دووسبەی دەستپێدەکات، تێیدا سەمینارێک پێشکێش بکەم بە ناونیشانی چاوخشاندنەوە بە مێژوو، گرنگی و مەترسییەکان."
 
بڕیارە 9ـی ئەم مانگە، پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بکرێتەوە.
 
دوو رۆژە لە سۆشیاڵ میدیادا، هەڵمەتێک بۆ دژایەتیکردنی میوانداریکردنی ئەو نووسەرە دەستیپێکردووە و بەشدارانی هەڵمەتەکە دەڵێن: "ئەو نووسەرە لە نووسین و لێدوانەکانیدا، سووکایەتی بە سەلاحەدینی ئەیووبی کردووە."
 
یوسف زێدان دەڵێت: "لەگەڵ ئەوەی مانگی رابردوو چەندینجار باسم لە بەشداریکردنم لە پێشانگەکەدا کرد، بۆ بەدیهێنانی مافی ئەو خۆشەویستییەی کە بە ئاسۆی کۆنی کوردستانیم دەبەستێتەوە، زۆرێک لە هاوڕێ ئازیزەکانم لەوێ بە راگەیاندنی هاتنم دڵخۆشبوون، بەڵام سەرم سوڕما لەو هەڵمەتە تێنەگەیشتووییەی دوو رۆژی رابردوو کرا، کە داوای گردبوونەوەیەکیان دەکرد دژی من و رەتکردنەوەی سەردانەکەم کە بڕیار بوو چوار رۆژ بخایێنێت."
 
بە گوتەی ئەو نووسەرە، "ئەو هەڵمەتە تۆفاناوییە لەناکاوەی لەوێ سەریهەڵدا، چالاکی کۆمەڵێک لە پاشماوەکانی ئیخوان موسلمین و ئەوانە بوو پشتیوانیان دەکردن. ئەو خەڵکە تووشی شەرمەزاری بوون چونکە هێرشم دەکردە سەر سەلاحەدینی ئەیووبی، هێمای وەهمی کوردی، کە لە راستیدا کورد نییە و تەنیا هێمایە بۆ ئەوانەی بازرگانی بە پرسی رزگارکردنی قودسەوە دەکەن."
 
یوسف زێدان دەڵێت: "ئەو هەڵمەتە تووندە وایکرد پێویست بکات حکومەتی ئەوێ، رێوشوێنی ئەمنی بگرێتەبەر، کە من ئەوەم بە ناتەبا لەگەڵ سرووشتی چالاکییە رۆشنبیرییەکان و کەشی پێشانگەی کتێبدا دەبینی، بۆیە داوای لێبووردنم لە هاوڕێم فەخری کەریم، سەرۆکی دامەزراوەی مەدا کرد کە سەرپەرشتی پێشانگەی کتێب دەکات لە هەولێر و بەغدا، بۆ گەشتنەکردنم لە ئێوارەی ئەمڕۆدا، سەرەڕای ئەوەی من تامەزرۆ بووم بۆ ئەوەی لەوێ هاوڕێ و ئازیزانم ببینم، لە نێویاندا سەرکردەی کورد، مەسعود بارزانی، کە خۆویستانە دەستی لە دەسەڵات کێشایەوە و بۆ دوای خۆی جێهێشت، ساڵانێکیشە لەنێو ماڵەکەیدا ماوەتەوە و تەنیا ساڵی جارێک نەبێت، لێی دەرناچێت، دەرچوونەکەشی بۆ ئەوەیە پێشانگەی کتێب لە هەولێر بکاتەوە و لەوێ لەگەڵ بیرمەندان و نووسەران کۆببێتەوە."
 
ئەو نووسەرە میسرییە، لەبارەی سەمینارەکەی کە بڕیاربوو لە پێشانگەکەدا پێشکێشی بکات، دەڵێت: "سەمینارەکەم لە وادەی دیاریکراودا، رۆژی پێنجشەممە کاژێر 7:00ی ئێوارە، لە هەژماری فەرمیی خۆم لە فەیسبووک پێشکێشی دەکەم، بۆ ئەوەی بۆ هەمووان بەردەست بێت. وەک شاعیر دەڵێت: هیچ شتێک ناتوانێت تێکمان بشکێنێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە