گەنجێکی کورد بەشداریی لە کێبڕکێی 'میستەر فینلاند'ـی 2024 کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

هونەر خدر بەربژێر بوو بۆ بوونە "مستەر فینلەند"ـی 2024، پێشتریش وەک مۆدێل بەشداریی لە زۆر کێبڕکێدا کردووە. هونەر لەبارەی بەربژێربوونەکەی میوانی دیاسپۆرابوو، گوتی" وەک مۆدێل بەشدارییم لە چەندین کێبڕکێ لە ئەورووپادا کردووە، بۆ ئەمجارەش بەربژێر بووم بۆ میستەر فینلاندنی 2024، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "هەرچەندە من لە قۆناخی یەکەم کە پێویستی بە دەنگی خەڵکە؛ سەرکەوتنم بەدەستهێنا، بەڵام لە قۆناخی کۆتاییدا، دەنگی تەواوی لیژنەکەم بەدەستنەهێنا، هەوڵدەدەم ئەو کەموکوڕیانەی لە 2024 هەمبوون، لە ساڵی داهاتوو واتە 2025 نەیانهێڵم و سەرکەوتن بەدەستبێنم و ببمە مستەر فینلەندی 2025".
 
هونەر خدر روونیکردەوە، پێشتر وەک مۆدێل مستەر ئیترناشیۆناڵی بەدەستهێناوە، بەڵام دەیەوێ مستەر فیلەندنیش بەدەستبهێنێت و ببێتە نوێنەری فینلاند لە جیهاندا.
 
روونیشیکردەوە، ئەو خوێندنی تەواوکردوە، ئێستا لە بەشی خزمەتگوزاری وزەی کارەبا کاردەکات، بەڵام بوون بە مستەر فینلەند خەونی ئەوە و دەیەوێ بەدەستیبهێنێت.
 
هونەر خەڵکی هەولێرە، چەندین ساڵە لە فینلەند دەژیت و زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی و فینلەندی دەزانێت.