دووەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی زیویە لە سەقز دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

دووەمین فێستیڤاڵی ناوچەیی شانۆی سەرشەقامی زیویە ئەمڕۆ بە نمایشێکی رەمزی لە قەڵای دێرینی زیویەی شاری سەقز دەستیپێکرد.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5/9/2024، دووەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام لە شاری سەقز دەستیپێکرد و یەکەم بەرهەم بە شێوەیەکی رەمزی نمایشکرا.
 
فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی زیویە، فێستیڤاڵێکی کولتوورییە، 5 ساڵ لە ناو شاری سەقز و دوو ساڵە بە شێوەی  گشتی لە سەر ئاستی پارێزگای سنە بەرێوە دەچێت.
 
ئەمیر زارعزادە، بەرێوەبەری فێستیڤاڵەکە دەڵێت: "دوای بڵاوکردنەوەی بانگێشتنامەکان، هونەرمەندان 83 بەرهەمیان بۆ فێستیڤاڵەکە ناردووە کە لە  کۆی هەموو ئەو بەرهەمانە 15 بەرهەم لەگەڵ بەرهەمی هۆنەرمەندێکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردراون تاوەکو لە فێستیڤاڵەکە نمایش بکرێن."
 
بابەتەکانی ئەم بەرهەمانە بریتین لە؛ داب و نەریتی و کولتووری خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی وڵات، هەروەها بابەت و کێشەی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر.
 
فێستیڤاڵەکە تاوەکو رۆژی شەممە، 7 مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
 
ژیلا ئەسعەد