کولتوور و ستایل
فێستیڤاڵەکە بە درووشمی "سینەما ماڵی نوێی هەیە"، لە 5 بۆ 14ـی کانوونی یەکەمی 2024 بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور، ئەمساڵ لە چوارەمین خولیدا جگە لە پێشاندانی چەندین فیلم، ژمارەیەک ئەستێرەی سینەمای هۆڵیوود، بۆڵیوود، ئەورووپایی، ئاسیایی و عەرەبی بانگهێشتکردووە، کە دڵخوازی هۆگرانی سینەمان، بەمەش دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە بنێت و پێگەیەکی گرنگی لە هونەری حەوتەم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا هەبێت.
ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە بە درووشمی "سینەما ماڵی نوێی هەیە"، لە 5 بۆ 14ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە جەدەی سعودییە بەڕێوەدەچێت، تێیدا 120 فیلم لە 81 وڵاتەوە بەشدارن، لەوانە 63 فیلمی درێژ و 54 کورتە فیلم، لەو فیلمانە 20ـیان رێوڕەسمی فەرشی سووریان دەبێت و ستافی فیلمەکان ئامادە دەبن.
تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو لە فێستیڤاڵەکەیە و رووماڵی چالاکییەکانی دەکات، ساڵی رابردووش رووماڵی ئەو رووداوە سینەماییەی کرد و فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن"، کە رووداو هاوبەشی بەرهەمەهێنایەتی، بەشداربوو و دوو پێشاندانی بۆ کرا.
48 فیلم یەکەم پێشاندانی جیهانییان لە فێستیڤاڵەکەدا دەبێت، فیلمە عەرەبییە بەشداربووەکان ژمارەیان 66 فیلمە، 34ـیان فیلمی سعودین و 36 بەرهەمهێنەری فیلم، کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتەکان دەکەن.
خولی رابردووی فێستیڤاڵەکە لە یەکێک لە هۆتێلە بەنێوبانگ و مۆدێرنەکانی جەدە بوو، رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە ئەمجارە دیوێکی دیکەی شارەکە پێشان دەدەن، ئەویش مێژووی کۆنی شارەکەیە لە دوای نۆژەنکردنەوەی؛ چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە ناوچەی "بەلەد" لە جەرگەی جەدە بەڕێوەدەچن.
بۆ ئەم مەبەستە ئامادەکاری زۆر کراون و زۆربەی باڵەخەنە کۆن و دێرینەکانی ناوچەی بەلەد نۆژەنکراونەتەوە؛ بە لەبەرچاوگرتنی شێوازی بیناسازی کۆنی ئەو شارە.
رێژەی سەوزایی لەو ناوچەیە زیادکراوە و پۆستەری فێستیڤاڵ لە هەموو شەقامەکانیدا بەرچاو دەکەون.
لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیلمە درێژەکانی فێستیڤاڵەکەدا، 16 فیلم لە کێبڕکێدان و فیلمی سینەمایی "Moon" بەشدارە، کە لە دەرهێنانی کوردوین ئەیووب، دەرهێنەری باشووری کوردستان و دانیشتووی نەمسایە. فیلمەکەی باسی کچە یاریزانێکی هونەری جەنگی نەمسا دەکات بە ناوی سارا، دەچێتە ئوردن بۆ راهێنانی سێ کچی ماڵباتێکی دەوڵەمەند، کە ئازاد نین و لە کۆشکێکدا دەژین.
سپایک لی، دەرهێنەری ئەمریکی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار، سەرۆکایەتیی لیژنەی دادوەریی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە دەکات بۆ بەخشینی خەڵاتەکانی "یوسر" لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیلمە درێژەکان، ساڵی رابردوو باز لۆرمان، دەرهێنەری ئوسترالی سەرۆکایەتیی لیژنەکەی دەکرد و بۆ رووداو قسەی کرد.
لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا سپایک لی، بەشداریی لە دانیشتنێکی بڕگەی "In Conversation"ـدا دەکات، بە بەشداری دیارترین کەسایەتییەکانی جیهان کە لە کەرتی سینەمادا کار دەکەن.
لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵدا، خەڵاتی یوسری زێڕین بەخشرایە فیلمی "In Flames" لە دەرهێنانی زارار خان، دەرهێنەری کەنەدی – پاکستانی.
فێستیڤاڵەکە، دەیەوێت وەک زۆربەی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان پێگەی بەرزی ژن لە سینەمادا بخاتەڕوو و رێز لە دوو ناوی دیاری سینەمای جیهانی و عەرەبی دەنێت، ئەوانیش ڤیۆلا دێڤیس، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکی و مونا زەکی، ئەکتەری میسری. جگە لە رێزلێنانەکە، دانیشتنێکی کراوەیان لە شێوەی ماستەر کڵاس بۆ سازدەکرێت و باس لە ئەزموونی هونەرییان دەکەن.
بڕیارە لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵدا عامر خان، ئەستێرەی سینەمایی بۆڵیوود و ئێمێلی بڵەنت، ئەستێرەی سینەمای هۆڵوود خەڵات بکرێن.
لە ئەستێرەکانی دیکەی بڕیارە لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبن، هەردوو ئەستێرەی سینەمای بۆڵیوود کارینا کاپوور و رانبیر کاپوورن.
رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە جگە لە بانگهێشتکردنی ئەو هونەرمەند و فیلمسازانەی فیلمەکانیان بەشدارن، ئەستێرە دیارەکانی سینەما لە نەتەوە جیاوازەکان بانگهێشت دەکات. لە خولی ئەمساڵدا، هەردوو ئەستێرەی دراما و سینەمای تورکیا، ئەنگین ئاڵتان و نوورگوڵ یەشیلچایا بانگهێشتکردووە، جگە لە تورکیا، لە وڵاتانی عەرەبی و کوردستانیش هەواداریان زۆرە. لە دانیشتنێکدا باس لە ئەزموونی هونەرییان دەکەن و تیشک دەخەنە سەر گرنگترین ئەو رۆڵانەی گێڕاویانە.
ڤیۆلا دێڤیس، یەکەم ئەکتەری ژنی رەشپێستە "تاجی سێیانە"ـی بەدەستهێناوە، ئەویش خەڵاتی ئۆسکار، گۆڵدن گڵۆب و تۆنییە کە سێ گرنگترین خەڵاتی بواری سینەما، تەلەڤزیۆن و شانۆن.
فێستیڤاڵەکە لەلایەن دامەزراوەی سینەمایی دەریای سوور سازدەکرێت، لە رێگەی سندووقی دەریای سوور، کارگەکانی دەریای سوور، بازاڕی دەریای سوور و فێستیڤاڵی دەریای سوور، هەوڵی ناساندنی سعودییە دەدرێت بۆ گرنگیدانی بە سینەما.
جومانا راشد، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی دامەزراوەکەیە، محەممەد عەسیری، سەرۆکی جێبەجێکاری راسپێردراو و شیڤانی باندیا مالهوترا، بەڕێوەبەری گشتییە.
یەکەم خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لە 2019 دەستیپێکرد و توانیویەتی پێگەیەکی بەهێز بۆ خۆی لە ناوچەکەدا دروستبکات.
بازاڕی دەریای سوور، بازاڕێکی تایبەت بە فیلمە نێودەوڵەتییەکانە، چالاکی و بەرنامەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، ئامانجی خستنەڕووی پڕۆژە سینەماییەکان و دروستکردنی پەیوەندییە لەنێوان فیلمساز و بەرهەمهێنەران دا.
سندووقی دەریای سوور، بەرنامەیەکی دابینکردنی بودجەیە بۆ پڕۆژە سینەماییەکان لەلایەن دامەزراوەی دەریای سوور بۆ فیلمسازانی ناوخۆیی، عەرەبی و ئەفریقی. تاوەکو ئێستا پاڵپشتی 100 دەرهێنەر و 250 فیلمی کردووە.
فیلمەکان لە چەند بەشێکدا پێشاندەدرێن، گرنگترینیان بەشی پێشبڕکێی دەریای سوورە کە 16 فیلم تێیدا لەکێبڕکێدان، بەشی هەڵبژێردراوە جیهانییەکان کە 17 فیلمی جیهانی لەخۆدەگرێت، لە بەشی شاکارە عەرەبییەکانیشدا حەوت فیلم بەشدارن.
لە پێشبڕکێی دەریای سوور بۆ کورتە فیلم؛ 27 فیلم کێبڕکێ دەکەن، لە بەشی سینەمای نوێی سعودی 22 کورتە فیلم و چوار فیلمی درێژ کێبڕکێ دەکەن. لە بەشی گەنجینەکانی دەریای سوور چوار فیلمی کلاسیکی عەرەبی و جیهانی پێشاندەدرێن.
لە بەشی شاکارە جیهانییەکان 14 فیلم بەشدارن، دیارترینیان فیلمی "Maria"یە کە ئەنجلینا جۆلی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، ئەویش رۆڵی ماریا کاڵاس، ئۆپێرابێژی جیهانییە و لە دەرهێنانی پابلۆ لاراینە، پێشتر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس و فێستیڤاڵی فیلمی لەندەن بەشداربووە. بڕیارە ئەنجلینا جولی بۆ پێشاندانی فیلمەکەی لە فیستیڤاڵەکەدا ئامادە بێت.
هەر لەو بەشەدا فیلمی "Modì, Three Days on the Wing of Madness"ـە بەشدارە، کە لە دەرهێنانی جۆنی دیپ، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکییە و باس لە ژیان و هونەری ئامیدیۆ مۆدیلیانی، شێوەکاری ئیتاڵی دەکات. ساڵی رابردوو جۆنی دیپ بە فیلمی " Jeanne Du Barry" بەشدابوو و لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو .
"Sima's Song" لە دەرهێنانی رۆیا سادات، دەرهێنەری ئەفغانییە و وەک یەکەم دەرهێنەری ژن لە دوای نەهێشتنی دەسەڵاتی تاڵیبان لە وڵاتەکەی دەناسرێت، لە 2018 فیلمێکی نوێنەرایەتیی ئەفغانستانی لە ئۆسکار کردووە. ئەم بەرهەمە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ