فەرهەنگی ئۆکسفۆرد 'Rizz' وەکو وشەی ساڵ هەڵدەبژێرێت

رووداو دیجیتاڵ 

فەرهەنگی ئۆکسفۆرد وشەی "Rizz"ـی وەک وشەی ساڵ بۆ ساڵی 2023 هەڵبژارد، کە بە واتای بەهێزی کەسایەتی و سەرکەوتوویی لە هونەری سەرسامکردنی رەگەزی بەرامبەر دێت.
 
ئەم وشەیە دەربڕینێکە لە سۆشیاڵ میدیادا دەرکەوت و تەشەنەی سەند و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. تۆم هۆڵاند ئەکتەری ناوداری ئەمریکی، رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە بڵاوکردنەوە و ناساندنی وشەکە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە ،4ـی کانوونی یەکەمی 2023، ناوەندی چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد هەڵبژاردنی "Rizz"ـی راگەیاند و دەڵێن کورتکراوەی وشەی "کاریزما"یە، کە بە واتای "سۆز و راکێشانی کەسی، یان توانای راکێشان و سەرسامکردنی هاوبەشی سۆزداری دێت."
 
لە ساڵی 2022 ئەم دەستەواژەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و ئێستا لە زمانی فەرەنسیش بەکاردێت، بڵاوبوونەوەی بەشێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەستێرەی ستریمینگی ئەمریکی کای سێنا، کە بە هەزاران فۆڵۆوەرزی لە پلاتفۆرمی یوتیوب و تویچ هەیە.
 
ئەوەی بووە هۆی زیاتر تەشەنەسەندنی وشەکە لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو بەکارهێنانی بوو لەلایەن تۆم هۆڵاندی 27 ساڵ، ئەکتەری ناوداری ئەمریکی و ئەستێرەی فیلمی "سپایدەرمان" لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی بازفید باسی لەوە کرد، "من بەهیچ شێوەیەک 'Rizz'م نییە."
 
ئۆکسفۆرد لەبارەی هەڵبژاردنی وشەکە دەڵێت، ''لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەرنامەکانی پەیوەندیکردن زۆر سەرنجی خەڵکی راکێشا، ئەم وشەیە ئاماژەیەکە بۆ داتاشین و دروستکردنی زمان و وشە لەنێو کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا، بەر لەوەی بەشێوەیەکی بەربڵاو تەشەنە بکات."
 
ئۆکسفۆرد ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم وشەیە "ئەو شێوازە نیشان دەدات کە نەوەی ئێستای گەنجەکان پانتاییەک بۆ خۆیان دروست دەکەن، کە تێیدا زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە، جا چ بە ئۆنلاین بێت یان لە گفتوگۆی فیزیکیدا.
بۆ هەڵبژاردنی وشەی ساڵ، ئۆکسفۆرد لیستێكی بە هەشت وشە ئامادەکرد کە گەیشتنە قۆناخی کۆتایی لە کێبڕکێدا، لەوانە Swiftie، کە دەستەواژەیەکە بۆ ئەو کەسانەی هەواداری گۆرانیبێژی ئەمریکین تایلۆر سویفت، یان"Prompt" کە دەستەواژەیەکە بۆ ئەو کەسانەی بەرنامەکانی ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنن.
 
بۆ هەڵبژاردنی وشەکان، ئۆکسفۆرد لە راپرسییەکدا داوای لە خەڵک کردووە 4 وشە هەڵبژێرن، تاوەکو دواتر لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە وشەی ساڵ دیاری بکرێت.
 
ساڵی رابردوو ئۆکسفۆرد تەنیا پشتی بە دەنگدانی خەڵک بەست بۆ هەڵبژاردنی 2022 کە بەپێی دەنگدانەکە وشەی '' Goblin Mode'' هەڵبژێردرا کە بە دەستەواژەیەک بوو بۆ ئەو ئاکار و هەڵسوکەوتانەی یاسا کۆمەڵایەتییەکان رەتدەکەنەوە.
 
ساڵی 2021 ئۆکسفۆرد وشەی Vaxـی هەڵبژارد، لە 2020 و بەهۆی کۆرۆناوە وشەی Coronavirus و Confinement  لەگەڵ  Black Lives Matter هەڵبژێردران.