گۆرانیی 'نازدار نازدار' لەلایەن ئاوازدانەرەکەیەوە سڕدرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەو گۆرانییەی لەلایەن دوو گەنجی کوردەوە بە ناوی 'نازدار نازدار' لەسەر دەنگی حەسەن زیرەک بە ژیریی دەستکرد (AI) ئامادەکرابوو، لەلایەن گۆرانیبێژی عەرەب تاهیر عوجەیلی کە خاوەنی ئاوازەکەیە، کۆپی رایتی لێدرا و لە پلاتفۆرمەکاندا سڕدرایەوە.
گۆرانیی نازدار نازدار بە دەنگی هونەرمەندی ناوداری کورد حەسەن زیرەک لەڕێی ژیریی دەستکردەوە لەلایەن دوو گەنجی پارێزگای سلێمانی بە ناوەکانی زرنگ مەهدی و ئەحمەد کەریم رۆژی 11-5-2023 بەرهەمهێندرا، لە ماوەیەکی کورتدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری بەدوادا هات. ئاوازی گۆرانییەکە لە گۆرانیی "رەفەت رەفەت" وەرگیراوە کە لەلایەن تاهیر عوجەیلی بە زمانی عەرەبی گوتراوە.
بەدەر لەوەی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بڵاوبووەوە، بە زمانی تورکیش ئەو گۆرانییە گوترایەوە. بە جۆرێک بەشێک لە میدیای تورکیا هەواڵیان لەبارەی گۆرانییەکەی حەسەن زیرەک بڵاوکردەوە. میدیای تورکیا بە هەڵەداچوو و زانیاریی وەهای بڵاوکردەوە کە گوایە ئەو گۆرانییە عەرەبییە لە ساڵانی 1960'کاندا لەلایەن حەسەن زیرەک گوتراوە و هونەرمەندە عەرەبەکە بردوویەتی. ئەمە بەشێک بوو لە هۆکاری دروستبوونی کێشە لە نێوان گۆرانیبیژە عەرەبەکە و ئەو دوو گەنجەی گۆرانییەکەیان بە ژیریی دەستکرد ئامادەکردووە.
سەرەتای کێشەکە
زرنگ مەهدی و ئەحمەد کەریم کاتێک بەرهەمەکەیان بڵاوکردەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی یوتیوب، سناپ چات، ئینستاگرام و ئەوانی دیکە بە شێوەیەکی فەرمی و بە بەڵگەی خاوەندارییەوە بڵاویانکردووەتەوە. زرنگ مەهدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاهیر عوجەیلی سەرەتا لە یوتیوب ریپۆرتی لە ڤیدیۆکە دا. ئێمەش کە بینیمان پەیوەندیمان پێوەکرد. چونکە یوتیوب ماوەی حەوت رۆژ مۆڵەت دەدا، ئەگەر ریپۆرتەکە نەکشێندرێتەوە، لە هەموو پلاتفۆرمەکاندا ڤیدیۆکە دەسڕدرێتەوە".
تاهیر عوجەیلی: گوتوویانە ئاوازەکە لە حەسەن زیرەک دزراوە
لەبارەی هۆکاری ریپۆرت لێدانەکە زرنگ گوتی: "سەرەتا تاهیر عوجەیلی گوتی درۆم بەدەمەوە کراوە. ئەو باسی ئەو بابەتەکەی دەکرد کە کوردی باکووری کوردستان دەڵێن گۆرانییەکە عەرەبییەکە لە حەسەن زیرەک دزراوە. بێگومان عوجەیلی راستدەکات و ئەو هەواڵە نادروستە بڵاوبووەتەوە. جا ئێمە پێمان گوت کە هیچ رۆڵیکمان لە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە نییە. بەڵکو ئەمە خەڵک بڵاویکردووەتەوە".
زرنگ مەهدی: عوجەیلی دەستی دەستیی پێکردین و داوای پارەی زۆری کرد
سەبارەت بەوەی ئاخۆ چی بکەن تا گۆرانیبیژە عەرەبەکە ئەو ریپۆرتە لابدات، زرنگ مەهدی گوتی: "سەرەتا داوای لێکردین لە ژێر گۆرانییەکە ئاماژە بەوە بکەین کە تاهیر عوجەیلی ئاوازدانەری گۆرانییەکەیە. من گوتم ئامادەم ئەو کارە بکەم. دواتر قسەکەی گۆڕی و داوای کرد لە ڤیدیۆیەکدا باس لەوە بکەین کە میلۆدییەکەی ئەومان وەرگرتووە. ئێمە بەمەش رازی بووین، لەکاتێکدا میلۆدییەکەی ئەومان راستەوخۆ بەکارنەهێنابوو. بەڵکو بیرۆکەمان لێوەرگرتبوو و گۆڕانکاریشمان تێیدا کردبوو".
زرنگ مەهدی دەڵێت ڤیدیۆکەشیان تۆمارکردووە و بۆ تاهیر عوجەیلییان ناردووە، بەڵام ئەو گۆرانیبێژە بەوەش رازی نەبووە و ئەوجارە داوای 30 هەزار دۆلاری کردووە. دواتر داوای 10 هەزار دۆلاری کردووە، بەڵام زرنگ و هاورێکەی گوتوویانە کە تەنیا دەتوانن رێژەیەکی دیاریکراو لە داهاتی گۆرانییەکەی پێ بدەن.
زرنگ مەهدی و ئەحمەد کەریم دەڵێن: "تاهیر عوجەیلی بە ناشرینی مامەڵەی لەگەڵدا دەکردین و تەلەفۆنی بەسەردا دادەخستینەوە. ئەوە بوو دواتر حەوت رۆژ تێپەڕی و ئێستا دەنگەکە سڕاوەتەوە".
"کچێکی تورک دایناوەتەوە کێشەی نییە، بەڵام ئەوەی ئێمەی ریپۆرت کرد"
بەگوێرەی گوتەکانی زرنگ مەهدی، لە چەند وڵاتێک هەمان ئاواز بە زمانی جیاواز داندراوەتەوە و ریپۆرتیش نەکراوە، کەچی تاهیر عوجەیلی بۆ کوردییەکە ئەم کارەی کردووە. هەروەک خۆی دەڵێت مانگێک زیاترە لە وڵاتی دیکە دانراوە کە لە یەکێکیاندا زیاتر لە هەشت ملیۆن بینەری هەبووە. هەروەها کچێکی تورک ئاوازەکەی وەرگرتووە و بە زمانی تورکی گوتوویەتی و 200 هەزار بینەری هەیە. ئەوان نەسڕدراونەتەوە.
سەبارەت بەوەی کە بۆچی رێگریی لەوان نەکردووە زرنگ مەهدی گوتی: "ئێمە پرسیاری ئەوەمان لێی کرد. ئەو گوتی ئاخر پارەم لێ وەرگرتوون".
زرنگ مەهدی دەڵێت، ئەو کارەی دەرهەق بە ئەوان کراوە نادروستە، چونکە ئەوان نکۆڵییان لە ئەوە نەکردووە کە تاهیر عوجەیلی خاوەنی ئاوازی "رەفەت رەفەت"ـە و ئەوانیش ئاوازەکەیان وەکو بیرۆکە وەرگرتووە و خستوویانەتە سەر دەنگی حەسەن زیرەک.
رووداو پەیوەندیی بە تاهیر عوجەیلی کرد
رووداو پەیوەندیی بە تاهیر عوجەیلی، گۆرانیبێژی عەرەبەوە کرد کە خاوەن گۆرانیی "رەفەت رەفەت"ـە. ئەگەرچی سەرەتا گوتی دوای دوو کاژێر قسە بۆ رووداو دەکات و زانیارییەکان دەخاتەڕوو، بەڵام ئەو گۆرانیبێژە وەڵامی پرسیارەکانی نەدایەوە.
گۆرانیی "نازدار نازدار" کە بە دەنگی حەسەن زیرەک و لەڕێی ژیریی دەستکردەوە کەوتە بەر گوێی هاونیشتمانیان، لە ماوەیەکی کورتدا بە خێرایی بڵاوبووەوە. لە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە گشتی سەروو 70 ملیۆن بینەری هەبوو. لە فەیسبوک، ئینستاگرام و سناپ چات چووە تۆپ 1-ی ترێندی عێراق. هەروەها لە یوتیوب میوزیک چووە تۆپ 2-ی عێراق.