ئەمڕۆ فیلمی 'جیران'ـی مانۆ خەلیل لە فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک پێشاندەدرێت

04-12-2022
پەسار فایەق
فیلمی 'جیران' لە فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک ەبشدارە
فیلمی 'جیران' لە فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک ەبشدارە
نیشانەکردن 'جیران' مانۆ خەلیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

'جیران' نوێترین فیلمی مانۆ خلیل، دەرهێنەری رۆژئاوای کوردستانە و لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەشدارە و لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە کوردییەکاندا کێبڕکێ دەکات.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە تاوەکو ئێستا بەشداری لە دەیان فێستیڤاڵی سینەماییدا کردووە و براوەی 57 خەڵاتە، چیرۆکەکە بەشێکی بیرەورییەکانی مانۆ خەلیلە لە سەردەمی منداڵیدا دەگێڕێتەوە.
 
'جیران' لە نووسینی و دەرهێنانی مانۆ خەلیلە، تێیدا باس لە چیرۆكی منداڵێكی كورد لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەکات كە لە یەكێك لە گوندە سنوورییەكانی رۆژئاوای كوردستان ژیاوە و ژمارەیەک ئەکتەری کورد، عەرەب و جیهانی تێیدا بەشدارن.
 
مازن ناتور، ئەکتەری سووری رۆڵی لەم بەرهەمە سینەماییەدا گێڕاوە و داوا لە بینەران دەکات بینینی فیلمەکە لە دەست خۆیان نەدەن. گوتیشی: "هونەرمەند مانۆ خەلیل توانی لەرێگەی نووسینی ژیاننامەی منداڵی خۆی و نەهامەتییەکانی منداڵیی و لەم رووداوانەی لە بیرەوەرییەکانیدا ماون، توانی چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش پڕ لە مرۆڤایەتی بنووسێت، نامەوێت درێژە بە چیرۆکی فیلمەکە بدەم، بۆ ئەوەی سەرنجڕاکێشییەکەی لە دەست نەدەن، بەڵام فیلمی جیران یەکێک لە گرنگترین فیلمەکانە کە لە مێژووی سینەمای جیهاندا پێشاندراوە و زیاتر لە 57 خەڵاتی لە هەموو جیهان و لە فێستیڤاڵەکاندا بەدەستهێناوە، بۆ منیش مایەی شانازییە لەو فێستیڤاڵە و فیلمەدا بەشدارم".
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە چەندین فێستیڤاڵ بەشداربووە و بۆ چەندین فێستیڤاڵی دیکەی سینەمایی بانگهێشتکراوە و خەڵاتی باشترین فیلمی 2021 لە سویسرا پێبەخشراوە.
 
مانۆ خەلیل خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە لە 1996ـەوە لە سویسرا نیشتەجێیە، كاری دەرهێنانی بۆ زیاتر لە 20 فیلم كردووە، لەوانە 'پەرەسێلكە'، 'حافیز و مارا'، 'ئەنفال'، 'دایڤید تولهیلدان'، 'زیندانەكەم، ماڵەكەم'، 'باخچەكانی بەهەشت' و 'تامی هەنگوین' و چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە.
 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک، رۆژی پێنجشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2022 بە فیلمی 'بووکا بارانێ' دەستیپێکرد و تاوەکو 8 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
 
بۆ خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵ، 570 فیلم نێردرابوون و لەو ژمارەیە تەنیا 98 فیلم بۆ بەشداربوون لە فێستیڤاڵەکەدا هەڵبژێردران، 51 فیلمی بیانی و 47 فیلمی کوردی.
 
کێبڕکێی فێستیڤاڵ لە نێو 55 فیلمدا دەبێت، 27 فیلم کوردی و 28 فیلمی بیانین کە لە بەشی فیلمی بڵند، بەڵگەفیلمی درێژ، کورتەفیلم و چەند بەشێکی دیکەی بۆ فیلمی کوردی و بیانی کێبڕکێ دەکەن.
 
مژاری سەرەکی خولی ئەمساڵ فێستیڤاڵ 'کۆچبەری'یە و جگە لە پێشاندانی فیلم لە سینەماکاندا، بڕیارە لە کەمپی دۆمیزیش پێشانبدرێن کە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان.
 
بۆ خولی ئەمساڵ، ژمارەیەکی بەرچاو لە سینەماکارانی کورد و بیانی ئامادە دەبن، جگە لە چەند میوانێکی دیکە، لەوانە خەتەر، راپەری رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەڵمانیا دەژی و ناوبانگییەکی زۆری هەیە و لە فیلمێکدا بەشداربووە و فیلمەکە لە فێستیڤاڵ پێشاندەدرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی زمناکۆ مۆرادی، قارەمانی هەرلینگ و چالاکڤان کە لای ئێرلاندییەکان بە 'زاک' ناسراوە و پۆستەرێکی بەڵگەفیلمەکەی

لە ئێرلاند بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی کوردێکی دیاسپۆرانشین نمایش دەکرێت

(ماڵ: چیرۆکی ژیانی زاک مۆرادی) ناوی ئەو بەڵگەفیلمەیە کە ئێستا لە ئێرلاند نمایش دەکرێت. بەڵگەفیلمەکە چیرۆکی ژیانی کۆچبەرێکی کورد دەگێڕێتەوە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەگاتە باشووری کوردستان و عێراق و بەدوایدا دەگاتە ئێرلاند