یەکەمین کۆڕی تەنزی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان سازکرا

04-07-2024
A+ A-
پێشەوا رەحمەتی – رووداو

ئەنجوومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان و لیژنەی تەنزی ئەنجوومەن بە هاوکاری فەرمانگەی کولتووری مەریوان، یەکەمین کۆڕی تەنزی کوردی ساڵانەیان ساز کرد.
 
رۆژی چوارشەمە 3ـی تەمووزی2024 یەکەمین کۆڕی زانستی دەربارەی تەنزی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان سازکرا، بڕیارە ساڵانە بکرێت و زمان و فۆلکلۆری کوردی گەشە پێبدەن.
 
رەئوف جەهانی، بەرپرسی بەڕێوەبردنی کۆڕەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەم کۆڕەدا شێوەزاری نووسین دیاری نەکراوە، بۆ ئەوەی نووسەران بتوانن بە شێوەزاری خۆیان گوتارەکانیان بنووسن و ئاوڕ لە تەنز و فۆلکلۆری کوردی بدەنەوە".
 
لە کۆی 17 گوتار دەربارەی تەنزی کوردی کە پێشکێشی لیژنەی ئەنجوومەن کرا، 8 گوتار پەسندکران کە بە شێوەزارەکانی (لوڕی، لەکی، کەڵهوڕی، هەورامی، سۆرانی، کرمانجی و گەڕووسی) نووسراون، هەروەها دوو گوتار کە لەلایەن ئەنجوومەنەوە پەسندکران، تایبەت بوون بە ئەدەب لە تەنزی منداڵاندا.
 
کۆڕەکە بە ئامادەبوونی مامۆستا و پسپۆڕانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرێوەچوو. هەر یەک لە د. قوتبەدین سادقی، شانۆکاری دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان، د. خالق جەلیل نەژاد، نووسەری (تەنز)ـە و چەندین بەرهەمی لە بواری تەنزدا هەیە، مامۆستا محەممەد رەشید ئەمینی، شیعرێکی 100 ساڵەی تەنزی کوردی شێوەزاری لەکی پێشکێشکرد.
 
هەروەها، سوپاسنامەیەک لەلایەن ئەنجوومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان پێشکێش بە مامۆستا عەلی ئیسماعیل زادە کرا، کە لە رابردوو لە گۆڤاری سروەدا بە ناوی (شەندە)وە تەنزی دەنووسی، سوپاسنامەیەکیش پێشکێشی مامۆستا مەنسوور یاقوتی، نووسەر و شاعیری رۆژهەڵاتی کوردستان کرا، کە لەسەر فۆلکلۆری کوردیی ناوچەی کرماشان لێکوڵینەوەی زۆری هەن. 
 
ئەنجوومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان، لە ساڵی 1990 دامەزراوە و یەکێکە لە نێوەندە گەورەکانی چالاکانی بواری فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی که لەم چەند ساڵەی کارکردنی خۆیدا کۆمەڵێک چالاکی کردووە، بەشێک لەو چالاکییانە بریتین لە خولی فێرکاریی زمانی کوردی، شەوە شیعر، کۆڕ و سمیناری تایبەت بە زمانی کوردی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە