تەندروستیی هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا ناجێگیرە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی شێرپەنجە، تەندروستیی هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا ناجێگیرە.
مەعرووف عەبدوڵڵا، برای هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەندێکجار دۆخی تەندروستی باشە و هەندێک جاریش خراپ، بەگشتی پەستانی خوێنی بەرزە."
نێوەڕاستی ئەمساڵ ئاشکرا بوو زاهیر عەبدوڵڵا، هونەرمەندی شانۆ و درامای کوردستان، بۆ دووەم جار لە چوار ساڵدا، تووشی شێرپەنجە بووە.
27-06-2024 هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا بۆ چارەسەر رەوانەی تورکیا کرا و دوای ماوەیەک لە وەرگرتنی دەرمان، گەڕایەوە هەولێر.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا ئێستا لە ماڵی خۆیەتی لە شاری هەولێر و بەگوێرەی رێنماییەکانی پزیشک چارەسەر و دەرمانی کیمیایی وەردەگرێت بەڵام دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.
زاهیر عەبدوڵڵا یەکێکە لە هونەرمەندە ناسراوەکانی باشووری کوردستان. فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی و هونەری هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "مامۆستا زاهیر نزیکەی 50 ساڵە خزمەتی هونەری کوردی دەکات؛ ئەو یەکێکە لەو کەسانەی هەموو کات بە هەڵوێست و کوردپەروەر بووە و رۆڵی لە پێکەوەژیاندا هەبووە."
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا جاری یەکەم لە ساڵی 2020 تووشی شێرپەنجەی قۆڵۆن بوو، بەڵام بە تەواوی تێیپەڕاند و ئەمساڵ جارێکی دیکە تووشی نەخۆشییەکە بووەوە و گرێیەک لە سەریدا دروستبوو.
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا خدر لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی تەیراوەی شاری ھەولێر لەدایکبووە. لە ساڵی 1972 بۆ یەکەمجار بەشداریی شانۆگەرییەکی کردووە بەناوی "ئەنجامی پوڵپەرستی." دواتر بەشداریی دەیان شانۆگەری، دراما و فیلمی سینەمایی کردووە.