سەمیانی پەریزادە: بایسێکسواڵم و پەیوەندیم لەگەڵ كچێك هەیە
رووداو – هەولێر
تەمەنی 38 ساڵە و خەڵكی باكووری كوردستانە، بەڵام نایەوێت زێدی خۆی بۆ میدیا ئاشكرا بكات. سەمیانی پەریزادە لە دوایین كلیپی گۆرانیدا بە ناوی من ئاگرم (I AM FIRE) كە لەگەڵ ساندرا ئەلیساندرا بەبێ قژ دەركەوت، دەڵێت رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە، بەڵام دەڵێت قژتاشینەكەی نیشاندانی هەڵوێست بووە. پەریزادە بەهۆی جەستە پتەوەكەی لە سۆشیاڵمیدیا بە "كوردی ئەمازۆن" ناوی دەركردووە. لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) زۆرتر باسی ژیان و كارەكانی خۆی دەكات.
رووداو: ئەگەر باسی خۆت بكەی، چۆن خۆت دەناسێنی؟
پەریزادە: كچە كوردێكی خەڵكی باکووری کوردستانە. بچووكترین تاكی خێزانێكم كە 11 منداڵ بووین. ژیانی منداڵیم وەك شازادە وابوو، باوكم بەهەشتییەك بوو بۆ خۆی. بەڵام كاتێك گەورە بووم بەرەوڕووی بەربەستی زۆر بوومەوە، ئیدی كچە نەرمونیان و شازادەكە نەمام، بەڵكو كچێكی یاخیم لێدەرچوو.
رووداو: بۆچی قژت سفر كرد، تاتۆكانت زۆر سەرنجڕاكێشن، مانایان چییە؟
پەریزادە: قژ سفركردنەكەم هەڵوێست بوو، ویستم لەو رێگایەوە مانایەكی دیكە بە بارگرانییەكان و سەختیی ژنبوون بدەم. هەروەها لە دژی قێزەونیی ژیان و خیانەتی رۆژگار بڕیاری سفركردنی قژم دا. بەهۆی كەوتنی قەڵای پاكیزەییم لە قۆناغە جیاوازەكانی ژیانمدا، بڕیاری دەستبەرداربوون لە قژم دا. گەیشتمە دۆخێك بەرەنگاری فاشیزمی جوانی و گۆڕینی ستایلەكان ببمەوە. بەرەنگاری دووڕوویی مرۆڤ ببمەوە. تەنیا بایەخدان بە روخسار وای لێكردم قژم سفر بكەم. بەمشێوەیە رەخنەی خۆم دەردەبڕم. من بەبێ قژیش ژنێكی جوان دەبم. خۆم ئەندامێكی گرووپی هاوڕەگەزخوازانم. زۆر جار لەدژی ئەو كەسانەی بیریان لەوە كردووەتەوە كە من رەگەزی خۆم لە ژنەوە بۆ پیاو گۆڕیوە، یان كێشەیەكی دەروونی و جەستەییم هەیە بۆیە لەگەڵ هاوڕەگەزخوازانم، دەستمكردووە بە خۆڕازاندنەوە بە بەكارهێنانی میكیاژی تۆخ بۆ لێوەكانم و كوڵمەكانم. بەمشێوەیە چوومە بەردەمیان. ئیدی گوێیەكانم تەنیا شتی ئەرێنی و جوان دەبیستێ. لەو ژینگەیەی ئێستام هەمووان دەمناسن. هەر تاتۆیەكی لەشم ئاماژەیەكە بۆ سەركەوتنێك و تێپەڕاندنی لەمپەرێكی سەخت. بۆ نموونە تاتۆكەی سەر دڵم، هێمایە بۆ ئەو كچەی خۆشمدەوێت، ئەویش هەمان تاتۆی لەسەر دڵی كردووە.
رووداو: گوتت ئەندامێكی گرووپی هاوڕەگەزخوازانی! خۆت هاوڕەگەزخوازیت؟
پەریزادە: نەخێر من بایسێکسواڵم .
رووداو: كەی زانیت بایسێکسواڵی؟
پەریزادە: هەر لە منداڵیمەوە زانیم. بەڵام رۆڵە كۆمەڵایەتییەكان و ئەو پەیوەندییە مۆدێرنانەی كە خۆم دامڕشت، ئیدی لەگەڵی گونجام. هەر ئەمەش هۆكارێك بوو بۆئەوەی هەمیشە پەیوەندی سۆزداریی درێژخایەنم لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر هەبێت. پەیوەندی رۆمانسیی كەمم لەگەڵ ژنان هەبووە، بەڵام ئەمە دوو ساڵە ژنێك لە ژیانمدایە. دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر بۆم دەركەوت پیاوانی ئەم ناوچەیە هەرگیز چاك نابن و چەند هەوڵیان لەگەڵ بدەیت، بێهوودەیە. دوای شووكردن و جیابوونەوە، بۆچوونم گۆڕا.
رووداو: بۆچی جیابوویتەوە؟
پەریزادە: پێنج ساڵ پەیوەندیمان هەبوو، 11 ساڵیش ژن و مێرد بووین، واتە 16 ساڵ پێكەوەبووین. ئێمە لە تەمەنێكی زۆر گەنجدا یەكدیمان ناسی و پێویستمان بە دۆستایەتییەكی بەهێز هەبوو، بەڵام دوای هاوسەرگیری دركمان كرد، دەبوو بۆ پاراستنی شكۆی خێزانەكەم قوربانی بدەم. وەك دەزانیت كچان لە نێو خانەوادەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆش دەژین و هەموو شتێكیان بۆ فەراهەم دەكرێ. منیش كاتێك بیرم لە هاوسەرگیری دەكردەوە، دەترسام خۆشگوزەرانییەكەم لەدەست بدەم. بۆ شكاندنی ئەم ترسە چەند ساڵێكم پێویست بوو. كاتێك بڕیاری جیابوونەوەم دا، راوێژمان بە یەكدی كرد و دۆستانە ئەم بڕیارەمان دا. تەنانەت هاوژینەكەم بۆ جیابوونەوەكە ئاهەنگێكی خۆشی بۆ سازكردم.
رووداو: چۆن و كەی تێكەڵ بە جیهانی میوزیك بوویت؟
پەریزادە: لەگەڵ گوێگرتنم لە میوزیك خولیای ئەم جیهانە بووم. هەستمكرد ژیان دەنگێكی هەیە. لە تەمەنی منداڵیمەوە زۆر حەزم بە دەنگبێژان بوو، باوكم گۆرانی بۆ دەگوتم. فیلمە كلاسیكەكانی توركیا پڕبوون لە میوزیك. لە ساڵی 2009 دەستم بە خوێندنی میوزیك كرد بەشێوەیەكی ئەكادیمی. جیهانی میوزیك تەنیا پێویستی بە بوێرییە. ئیدی منیش بەو بوێرییەوە چوومە نێو ئەم جیهانە. حەزی یەكەمیشم دەركەوتن بوو لەسەر شاشە.
رووداو: لەگەڵ ساندرا دوێتێكتان هەیە. چۆن یەكدیتان ناسی؟
پەریزادە: كاتێك ساندرا بۆ كاری یەكەم كلیپی هاتە توركیا، لە رێگەی هاوڕێیەكی هاوبەشمانەوە یەكدیمان ناسی. تەنانەت لە یەكەم كلیپیدا یاوەریم كرد. دڵخۆشبووین بەو هێز و وزەیەی بەیەكدیمان بەخشی و بڕیارماندا پێكەوە كار بكەین. زۆر حەزم دەكرد كار لەسەر ئاواز و میوزیكی كوردی بكەم نەك تێكستی كوردی، تەنیا ئاوازەكە بۆ ئەوەی لەگەڵ موزیكی جیهانی بیخەمە سەر ریتمێكی جوان و دەوڵەمەندتری بكەم. ئیدی لە كار و پرۆژەكانی داهاتوومدا، مەبەستمە كار لەسەر ئەم جۆرە ستایلە بكەم.
رووداو: ئەمە یەكەم پرۆژەتانە، بۆچی یەكەم دەركەوتنتان بە زمانی ئینگلیزی بوو؟
پەریزادە: بەڵێ یەكەم كارمە، بەڵام چەند كارێكی دیكەم هەیە بۆ من وەك خەونە، ئەوانیش بەم نزیكانە بڵاودەكەمەوە. لەڕاستیدا گۆرانیچڕین بە زمانی ئینگلیزی تەنیا بڕیاری خۆم نەبوو. لەدڵەوە حەز دەكەم كار لەسەر بەرهەمێكی میوزیكی ناوازەی كوردی بكەم و بەتێكەڵكێشی لەگەڵ موزیكی جیهانی دەوڵەمەندی بكەم. مەبەستمە میوزیكی كوردی بگەیێنمە ئاستێكی جیهانی.
میوزیكێك بەرهەم دەهێنم شایستە بێت بە گوێگر و بیسەرێك كە شەرم لە گوێگرتنی نەكات.
رووداو: ئەی فانەكان و هەوادارانی میوزیك چۆن پێشوازییان لە كلیپەكەت كرد؟
پەریزادە: زۆر بەئەرێنی پێشوازی لێكرا. كورد لەمێژە نیشتەجێی ئیستانبوڵن، با كەس هەڵە لێكدانەوە نەكات كە دەڵێم كوردی ئیستانبوڵ. چونكە كوردی ئیستانبوڵ خولیای ئەمجۆرە ستایلەی موزیك و ئەكشنەكانی نێو كلیپەكەن و لەڕووی خۆشڕابواردنەوە بە سەلیقەن.
رووداو: ناوتان چ مانایەكی هەیە و بۆچی ئەم ناوەتان هەڵبژارد؟
پەریزادە: ساڵی رابردوو بڕیارمدا ناو و نازناوم بگۆڕم. ویستم نەخشەی ساڵیادم دەربهێنم و بەراوردی بكەم لە نێوان بورجەكانی رۆژئاوایی و چینی. بۆ ئەمەش ناچاربووم سەردانی فەلەكناس پ.د.شەنای دێڤی بكەم. لیستێكی ناوی پێشكەش كردم. منیش پرسیارم كرد ئاخۆ ناوی "سەمیانی" دەبێت؟ ئەو گوتی ناوازەترین ناوم هەڵبژاردووە. لەبارەی نازناوی پەریزادە، ئەمەشیان لەسەر پێشنیازی هاوڕێیەكی خۆشەویستم بوو. سەمیانی بەمانای ئەستێرەیەكی بڵند دێت و نازناوێكی كوردیشم بۆ بوو. سەمیانی بە زمانی كوردی واتە: سەرداری، سەروەری، درەوشاوە دێت.
رووداو: ئەی "ئەمازۆنی كوردی" لە چییەوە سەرچاوەی گرت؟
پەریزادە: زۆر كەسی هاوشێوەی من لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زەحمەتیان كێشاوە و دەیانەوێت بزانن ئەمازۆنی كوردی یان ژنانی ئەمازۆنی كوردی كێن و چین و ئەوانیش وەك من دەستیانكردووە بە سفركردنی قژیان و ستایلی جلوبەرگیان گۆڕیوە و تاتۆی سەمەرەیان كردووە. دەمەوێ لێرەوە روونی بكەمەوە "ژنانی ئەمازۆنی كوردی" بەرامبەر بە "ژن ژیان ئازادییە"، بەڵام بەپێی جیاوازیی زمان و كولتوورەكان بەمشێوەیەی لێهاتووە و بووەتە براندێك. سازش لەسەر دروشمی "ژن ژیان ئازادی" ناكەم.