باریکەڕێیەکانی ژیانی موکەڕەم تاڵەبانی چاپ و بڵاودەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بیرەوەرییەکانی نووسەری کورد موکەڕەم جەماڵ تاڵەبانی، بە ناونیشانی "باریکەڕێیەکانی ژیانی موکەڕەم تاڵەبانی" چاپ و بڵاوکرایەوە، کە لەلایەن د. سەیف عەدنان ئەلقەیسی کۆکراوەتەوە و چاپکراوە و لوقمان باپیر لە عەرەبییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
کتێبی "باریکەڕێیەکانی ژیانی موکەڕەم تاڵەبانی" لە 518 لاپەڕە پێکهاتووە و ناوەندی رۆشنبیریی ئاشتی چاپی کردووە، لە 501 وێستگەی جیاوازدا، سەرگوزەشتە و ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی موکەڕەم تاڵەبانی دەگێڕێتەوە.
خێزان و لەدایکبوونی موكەڕەم تاڵەبانی
لە لاپەڕە 22ی کتێبەکەدا، باسی لەدایکبوونی خێزانی موکەڕەم تاڵەبانی کراوە "من لە بەهاری 1923 لە شاری کەرکووک، لە دایک و باوکێکی کورد لە دایکبوومە، باوکم شێخ جەمالی شێخ محەممەد عەلیی کوڕی شێخ عەلی کوڕی شێخ عەبدولڕەحمانی زەنگەنەیە، دایکیشم حاجی شوکرییە خانمی کوڕی جەلال ئەفەندیی خدرییە، کە نازناوی خدریی لە گوندی خدر رێحانی ناوچەی زەنگەنەی سەر هەردوو بەری زێی ئاوەسپیی سەر بە قەزای دووزخورماتوو وەرگرتووە."
دوا شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید
موکەڕەم تاڵەبانی دەڵێت، لە ساڵی 1931 کە قوتابیی پۆلی یەکی سەرەتایی بووم، هەستم لە شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید راگرتبوو، چونکە شارۆچکەی کفری چاوەڕێبوو، ئەو شەوناشەوی دادێ هێزەکانی دێنە ناو شارۆچکەکە، هێزی سەرەکیی شێخیش لەو ناوچەیەدا هی عەشیرەتی جاف بوو، کە شێخ فەتاح بەگی جاف دابوویە پاڵ بزووتنەوەکەی شێخ مەحموود و، مستەفا جافی کوڕیشی لەگەڵ ئێمە و لە هەمان پۆل قوتابی بوو. ویلایەتی موسڵ ناوی لێنرا ویلایەتی کوردستانی باشوور، کە لیوای موسڵ و کەرکووک و هەولێر و سلێمانیی دەگرتەوە و لیوای دهۆکی ئێستاش بە قەزا و ناحیەکانییەوە سەر بە ویلایەتی موسڵ بوون، ناوچە کوردییەکانی دیکەی وەکو خانەقین، مەندەلی، بەدرە و ئەو جێیانەی سەر بەو شارۆچکانە بوون، لە دەرەوەی ویلایەتی عوسمانلییان بوون و، ناوی مێژوویی ئەو ویلایەتەش "ویلایەتی شارەزوور"بوو و ناوەندەکەشی شاری کەرکووک بوو، ئەودەمای پێیدەگوترا "موتەسەللیمییە". شێخ رەزای شاعیری بەناوبانگ لە سەفەرێکی بۆ ئەستەنبووڵ لە قەسیدەیەک باسی مەرقەدی شێخ نوورەدینی بریفکانی دەکات، کە پێیدا تێپەڕیوە و دەڵێت:
عزم دیار روم جو کردم ز شهرزور
افتاد در دیار بریفکان مرا عبور.
موکەڕەم تاڵەبانی لەبارەی دەستپێکی شۆڕشی کورد بە سەرۆکایەتیی مەلیک مەحموود دەڵێت، "سەرباری ئەوەی شێخ مەحموود کرایە حوکمداری سلێمانی و ئەوان حوکمدارییان بە موتەسەڕیف لێکدەدایەوە، بەڵام شێخ مەحموود داوای یەکخستنی لیوایە کوردییەکانی کەرکووک، سلێمانی و هەولێری دەکرد و، لیوایەکیش لە قەزا کوردییەکانی موسڵ لە دهۆک دروستبکرێت و مافی چارەی خۆنووسینیش بدرێتە کورد."
لەبارەی کاردانەوە بەرامبەر بە هەڵوێستەکانی شێخ مەحموود لەلایەن بەریتانیاوە، موکەڕەم تاڵەبانی نووسیویەتی: "هەڵوێستی بەریتانییەکان، کاتێک توانییان جووڵەی عەشیرەتە لایەنگرەکانی شێخ مەحموود پەک بخەن، یەکلاکەرەوە بوو، کە ئەوانیش هەردوو عەشیرەتەکانی هەمەوەند و جەباری بوون و، سووسەیان بۆ سەردارانی جافیش نارد لە شۆڕشەکە بکشێنەوە. ئیدی هێزەکانی شێخ، هەر چەند سەد کەسێک مانەوە و ئەوانیش پێویستییان بە چەک و زەخیرە بوو، کە حکومەتیش فەوجێکی پیادەی وەڕێخست لەگەڵ چوار تۆپی چیایی لە پشتی ئێستران بارکرابوون و فڕۆکەکانیش چەند بۆمبێکیان بەسەر دیوەخانەکەی شێخ مەجیدی گوندی ئاوباریکدا بەردایەوە، هێزەکەی شێخ مەحموود پەرتوبڵاو بوون و ئەویش خۆی رادەستی دەسەڵاتی عێراق کرد و ئیدی بۆ ناسریە دوورخرایەوە تا لەوێ لەژێر نیشتەجێی زۆرەملێ بێ و، دوایش بۆ بەغدا تا لەوێ 10 ساڵ لە دوورخراوەییدا بەسەر ببات و ئەوجا لە بەغداوە بۆ گوندەکەی، داریکەلیی لیوای سلێمانی، لەوکاتەی ئەو حکومەتی بەرگریی نیشتمانییەی رەشید عالی گەیلانی دایمەزراندبوو رایکرد و بەریتانییەکان لە 1941 دیسان عێراقیان داگیر کردەوە."
کوردەکان لە قوتابخانە خەڵاتی یەکەم وەردەگرن
موکەڕەم تاڵەبانی نووسیویەتی "کە لە پۆلی پێنجی ئامادەیی بووم (دوا پۆلی ئامادەیی)، بەڕێوەبەری قوتابخانە دوو خەڵاتی بۆ یەکەمەکانی دواپۆلی ناوەندی و ئامادەیی تەرخانکردبوو، خەڵاتەکەی دوا پۆلی ئامادەیی کە سەعاتێکی زێڕین بوو، بەبەر من کەوت، چونکە من یەکەمی پۆلەکە بووم و خەڵاتی دووەمیش بووە هی وەحیدەدین کەتانی، کە کوردێکی دهۆک بوو و لەگەڵ حوسێن عەونی کەتانی مامی لە کەرکووک دەژیا. بەڕێوەبەری قوتابخانە لە کۆبوونەوەیەکی ئاهەنگ ئامێزدا هەردوو خەڵاتەکانی پێشکەشکردین و ئەوەش هەستی هەندێ تورکمانی رەگەزپەرستی ورووژاند."
موکەڕەم تاڵەبانی دەڵێت، پێش پێشکەشکردنی خەڵاتەکەش، مامۆستا فاتیح مستەفا هاتە پۆلەکەمان و پرسیی: کێ یەکەمی پۆلە؟ پێیان گوت: موکەڕەم. جا لەجیاتی ئەوەی پیرۆزباییم لێ بکا، دەستی بە سەرزەنشتی قوتابییە تورکمانەکان کرد و گوتی: ئێوە کاتی خۆتان لە قاوەخانان بەسەر دەبەن و کوردێک لە گوندی را دێ و دەبێتە یەکەمی سەرتان. ئیدی دەستی بە جنێوان کرد، منیش ناڕەزاییم دەربڕی و گوتم: ئەرێ باوکت پێش باوکم لە کەرکووک بووە؟ ئەو قسانە چییە دەیانکەی؟ لەجیاتی ئەوەی لەسەر مکوڕی خوێندنم پیرۆزباییم لێبکەی، دێی ئەو قسانەم پێ دەڵێیت؟ گوتی "من مەبەستم تۆ نییە و پیرۆزباییت لێدەکەم" گوتم" "جا بەو شێوازە پیرۆزباییم لێ دەکەی؟".
د. موکەڕەم تاڵەبانی لە دروستکردنی کۆمەڵەی دارکەر و هیوا بەشداری کردووە و لە نزیکەوە مامۆستا رەفیق حیلمی ناسیوە، پاشان دەبێت بە ئەندامی حیزبی شیوعی.
لە سەردەمی پاشایەتیدا چەند ساڵێک دەخرێتە زیندانەوە. لە ساڵی 1972 لە حکومەتی عێراقیدا دەبێتە وەزیر. زۆر لە سەرکردەکانی بەعسی لە نزیکەوە ناسیووە و چەندینجار سەرکۆماری ئەوکاتەی عێراق، ئەحمەد حەسەن بەکری بینیوە. لە نزیکەوە ئاشنایەتی لەگەڵ سەددام حسێندا هەبووە.
هەمیشە وەکو ناوبژیوانکەر لەنێوان حکومەتی عێراقی و پارتە کوردییەکاندا بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆڵی بینیوە.
مردنی باوکم رێچکەی ژیانی گۆڕیم
موکەڕەم تاڵەبانی، باسی مردنی باوکی و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی خۆی دەکات و دەنووسێت: "لە 1943 ئامادەییم بە پلەیەکی بەرز تەواوکرد، باوکم ئارەزووی لەوەی بوو پزیشکی لە ئیستەنبووڵ بخوێنم، ئەو کۆلێژی پزیشکیی ئەوێی لە هی عێراق بە باشتر دەزانی، ئیدی داوای لێکردم کاروباری سەفەری تورکیا جێبەجێ بکەم، ئەوەش پێویستی بە پشتڕاستکردنەوەی بڕوانامە و دەرهێنانی پاسپۆرت و رەزامەندیی وەرگێڕانی زانکۆی ئیستەنبووڵ هەبوو. لوتفی قەردار، والی ئەودەمی ئیستەنبووڵ بوو، برازای حاجی جەمیل قەرداری کەرکووکی بوو، ئەو خانەوادەیەش حەزیان لە چاکە بوو، لەگەڵ خەڵک بە گشتی و لەگەڵ برادەران بەتایبەتی، کە گوێیان لێبوو بە نییەتم لەوێ بخوێنم، نامەیەکیان بۆ بەڕێز لوتفی قەردار ناردبوو و داوایان کردبوو رەزامەندییەکی بەرایی کۆلێژی پزیشکیی ئەوێم بۆ وەربگرێ. ئیدی ئەویش بە دڵخۆشییەوە کارەکەی کردبوو و هەواڵیشی دابوونێ کە تا جێگیر دەبم لە ماڵەکەی خۆیدا میوانداریم دەکا."
موکەڕەم تاڵەبانی دەڵێت: "چوومە بەغدا پاسپۆرت دەربێنم، کە سەرقاڵی ئەو کارە بووم، لە کفریڕا تەلەفۆنێکم بۆ کرا کە باوکم ئەمری خوای کردووە و دەبێ یەکڕاست بگەڕێمەوە. بە شەمەندەفەر هاتمە کفری تا بچمە زەرداو، لە وێستگە پێیانگوتم کە تەرمی باوکم بردراوەتە کەرکووک لە گۆڕستانی خانەوادە لە تەکیەی تاڵەبانی بنێژرێ. ئەودەمای گەنجێکی هەڵەشە بووم و سووربووم کە دەبێ باوکم لەتەک باپیرانی، شێخانی تەریقەتی قادریی تاڵەبانی بنێژرێ، بەڵام شێخ جەمیلی مامم بەوە رازی نەبوو، گوایە باوکم ئارەقی دەخواردەوە و لەوەشدا لەسەر هەق بوو، بەڵام من هەڵوێستەکەیم بە هەند وەرنەدەگرت، کە ئێستا بەڕاستی دەزانم و رازی نەبووم لە جێیەکی جودا لە مەرقەدی باپیرانی بنێژرێ، تەرمەکەم هێنایەوە زەرداوی کە بەشی هەرە زۆری ژیانی لەوێ بەسەر بردبوو، ئیدی لە گۆڕستانی گوندەکە شاردمانەوە و هەر لەوێش تازیەمان بۆ دانا. لەکاتێکدا مامم تازیەی لە تەکیەی تاڵەبانیی کەرکووک دانابوو، پەیوەندیی نێوان ئێمە و مامم تێکچوو، چونکە دەیویست گوندی زەرداو، وەک زەوی و زارێکی وەقفی تەکیەی تاڵەبانی وەرگرێتەوە. ئەوەش وایکرد، چاو لە سەفەری دەرەوەی عێراق بپۆشم و بڕیارم دا قانوون و سیاسەی کۆلێژی مافی بەغدا بخوێنم، ئیدی ئەوەش رێچکەی ژیانی لە پزیشکییەوە گۆڕیم بۆ پارێزەری و دواتریش سیاسی".
پێشوازیی لە گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی
موکەڕەم تاڵەبانی، بەشی زۆری کتێبەکەی تەرخانکردووە بە سیاسەت و شۆڕشی کورد، چونکە خۆی کەسایەتییەکی سیاسیی بووە. لەبارەی گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە یەکێتیی سۆڤیەتەوە دەڵێت: "لەگەڵ شاندێکی کەسایەتییە کوردەکانی کەرکووک ئامادەی پێشوازیی بەڕێز مەلا مستەفای بارزانی بووم بە بۆنەی گەڕانەوەی لە یەکێتیی سۆڤیەت. ئەو کاتەی چووینە "هۆتێل جلە" بارزانی لەوێ دابەزیبوو، چاومان بە هەردوو ئەندامی لیژنەی مەرکەزیی پارتی دیموکراتی کوردستان عومەر دەبابە و جەوهەر عەزیز دزەیی کەوت. داوامان لێکردن دیدارێکمان لەگەڵ بەڕێز بارزانی بۆ رێکبخەن، بەڵام ئەوان بە هەنجەتی ئەوەی کات نییە، داوای لێبووردنیان کرد."
موکەڕەم تاڵەبانی دەڵێت: "موقەدەم میرحاج رووداوەکەی گەیاندبووە بارزانی و ئەویش داوای لێکردبوو پەیوەندیم پێوە بکات و هەر یەکسەر داوەتی دیداری بارزانیمان بکات، لە دیداری شاندەکەش لەگەڵ بەڕێز بارزانی، کە لە من و مارف بەرزنجی و نوری تاڵەبانی و مەجید کاکە و حاجی مەحموود پێکهاتبوو، سەبارەت بەوەی لەگەڵ هەردوو ئەندامەکەی لیژنەی مەرکەزیی حیزبەکە روویدابوو، داوای لێبووردنی کرد و گوتی: ئەوانە ئەو هەڵسوکەوتانە بە ناوی من و بێ ئیزنی من دەکەن و من پەیوەندیم پێیانەوە نییە. وەفدەکەش داوای لێبووردنی بارزانیی قبووڵکرد."
یەکەم دیدار لەگەڵ عەبدولکەریمی سەرکردەی شۆڕش
لە لاپەڕە 218ی کتێبی باریکەڕێیەکانی ژیانی موکەڕەم تاڵەبانی-دا هاتووە: "سەبیح عەلی غالب داوای لە من و هاوڕێ فاتیح داود جەباری کرد بۆ دیداری پێشەوا عەبدولکەریم قاسمی سەرۆکوەزیران بچینە بەغدا. بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە عەقید رەفعەت ئەلحاج سڕیی بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی کرد تا دیدارەکە رێکبخات، هەردووکمان چووینە بەغدا و چووینە وەزارەتی بەرگری، کە بەڕێوەبەری هەواڵگری و پێشەوا عەبدولکەریم قاسم لەوێ بوون، زۆری نەخایاند عەبدولکەریم قاسم داوای کردین و پێشتریش فاتیح مەلا داودی دەناسی، کە ئەویش پێشترێ ئەفسەر بوو. لە فاتیحی پرسی: ئەگەر داوای شتێکی لێ بکا ئامادەیە بیکا؟ بەڵام فاتیح گوتی: تەنیا بۆ پیرۆزبایی هاتووە. عەبدولکەریم گوتی: سەرۆکی شارەوانیتان کە شێخ فازڵ فەیزوڵڵا بوو، دەرکراوە و موتەسەڕیفیش کراوەتە پشکنەری بەڕێوەبەری، کەچی فاتیح داخی خۆی بۆ دەرکردنی فازڵ تاڵەبانی دەربڕی و گوتی: سەرباری فیکرە راستڕەوەکانیشی، ئەو فەرمانبەرێکی پاک بوو. هەرچی موتەسەریفە، کابرایەکی بەرتیلخۆر بوو، ئیدی چۆن کەسێکی پاک دەردەکرێ و بەرتیلخۆرەکەش دەهێڵدرێتەوە؟ عەبدولکەریم گوتی: ئەو کارانە لای عەبدولسەلام عارفە."
موکەڕەم تاڵەبانی نووسیویەتی: "ئەوەی جێی سەرسوڕمانم بوو، فاتیح، بێ ئەوەی حیزب رێی ئەوەی دابینێ، هاوکاریی رێکخراوە شیوعییەکانی خستە پێش عەبدولکەریم قاسم. ئاخر کەناڵی دیکەی پەیوەندیی حیزب و قاسم هەبوون، بەڵام قاسم گوێی بە کارەکە نەدا."