ماهیر زەین گۆرانییەک دژی رەگەزپەرستی بڵاودەکاتەوە

03-07-2020
رووداو @Rudawkurdish
ماهیر زەین
ماهیر زەین
نیشانەکردن گۆرانی رەشپێست
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

ماهیر زەین، گۆرانیبێژی ئیسلامی گۆرانییەکی بە زمانی ئینگلیزی دژی رەگەزپەرستی بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لە ژیانی سەختی رەشپێستەکان دەکات.
 
رۆژی هەینی 2020/07/03 لە چانێڵی یوتیبی کۆمپانیای "ئەوەیکنینگ میوزیک"ـدا بڵاوکراوەتەوە کە بە ناوی زنجیرەکان بپسێنە (Break the Chains)وەیە. 
 
لە دیمەنەکانی گۆرانییەکەدا وێنەی رەشپێستەکان دەردەکەوێت و یەکەم دیمەن درووشمی "ژیانی رەشپێستەکان گرنگە"یە. ئەوەیش ئەو درووشمەیە کە لەم دواییەدا خۆپیشاندەرانی دژی رەگەزپەرستی لە ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و جیهان بەرزیان کردبووەوە.
 
هاوکات لە دیمەنێکی دیکەی گۆرانییەکەدا وێنەی ژمارەیەک کەس دەردەکەوێت کە بەهۆی رەگەزپەرستییەوە کوژراون و یەکێکیان جۆرج فڵۆیدە کە لە 25ـی ئایاری ئەمساڵدا لەلایەن پۆلیسێکی شاری مینیاپۆڵسی ویلایەتی مینیسۆتاوە کوژرا.
 
لە بەشێکی گۆرانییەکەدا دەڵێت، "هەندێک جار واهەست دەکرێت هەرگیز هیچ شتێک ناگۆڕێت، بەڵام دەزانم، بەڵێ من دەزانم کە زنجیرەکان دەپسێنم. تۆ دەتەوێت پارچەپارچەم بکەیت، بەڵام من بەهێزم".
 
لە کۆتایی گۆرانییەکەدا نووسراوە، "ژیانی رەشپێستەکان گرنگە. ئەمە ساتی کردەوەیە نەک بێدەنگی. تکایە دەنگ، دەست، پارە و دڵت بۆ گۆڕانکارییەکی مانادار بەکاربهێنە".
 
ماهیر زەین ساڵی 1981 لە لوبنان لەدایکبووە. ساڵی 2009 یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بە ناوی "سوپاس بۆ خودا" (الحمد لله) بڵاوکردەوە. ساڵی 2010 لەلایەن وێستگەی مۆسیقیی نجووم ئێف ئێمەوە خەڵاتی باشترین گۆرانیی بۆ گۆرانیی "ئەی پەیامبەر سڵاوت لێبێت" (یا نبي سلام علیک) پێبەخشرا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە