نوسرەت ڤیدیۆیەک بە گۆرانییەکی کوردییەوە بڵاودەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

نوسرەت گۆکچە، چێشتلێنەری بەناوبانگی تورکیا و جیهان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاودەکاتەوە کە گۆرانیی کوردی لەسەرە.
 
رۆژی 2020/07/03 نزیکەی کاژێر 02:00ی دواینیوەڕۆ نوسرەت گۆکچە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام ڤیدیۆیەکی خۆیی بڵاوکردەوە کە گۆرانییەکی کوردیی لەسەرە.
 
هەروەها نوسرەت لەژێر ڤیدیۆکەدا نووسینێکی بە کوردی داناوە و پرسیویەتی: "چۆنە؟"
 
ئەو گۆرانییەی نوسرەت گۆکچە لەسەر ڤیدیۆکەی دایناوە، ناوی "خەونی شەو بوو"یە کە گۆرانیبێژ ئایدن لە ساڵی 2017دا گوتوویەتی و بڵاویکردووەتەوە.
 
نوسرەت گۆکچە لە گوندی بەردکی شارۆچکەی ئۆرتلیانێی سەر بە پارێزگای ئەرزڕۆمی باکووری کوردستان لەدایکبووە.
 
ساڵی 2017 شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو راپۆرتێکی لەبارەی نوسرەت و شوێنی لەدایکبوونیەوە کرد و سەردانی گوندەکەی کرد. هێستا کەسوکارەکەی لەو گوندە دەژین.