هەڵکەوت مستەفا: رازیکردنی ئەو پیاوەی سەدامی شاردەوە دوو ساڵی خایاند
رووداو دیجیتاڵ
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری بەڵگەفیلمی 'شاردنەی سەدام' دەڵێت، بۆ رازیکردن و بەشداریکردن لە بەڵگەفیلمەکەیدا، دوو ساڵی پێچووە تاوەکو ئەو پیاوەی 2003 سەدام حوسێنی لە چاڵێکدا شاردبووەوە، رازی بکات.
رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و لە سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لە سعودیە بەڵگەفیلمی 'شاردنەی سەدام' پێشاندرا.
لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا، هەڵکەوت مستەفا بە رووداوی گوت، "تامەزرۆ بووم لەگەڵ بینەری عەرەبی گفتوگۆ بکەین، لەبەرئەوەی دیدگەی زۆر جیاواز هەن، بەڵام لە کۆتاییدا، هەست دەکەم تێگەیشتنێکی گشتیی هەیە، هەموولایەک لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەمە چیرۆکی شاردنەوەی سەدامە نەک چیرۆکی سەدام حوسێن".
هەروەها گوتی، "رووداو بەشێکی سەرەکی و گرنگە لە بەرهەمهێنانی ئەو پرۆژەیەدا [بەڵگەفیلمی شاردنەی سەدام]، هیوادارم هەموو بینەران چێژی لێ وەربگرن".
لەبارەی دۆزینەوەی عەلا نامیق، ئەو پیاوەی کاتی خۆی سەدام حوسێنی لە چاڵەکەدا شاردەوە، هەڵکەوت مستەفا ئاماژەی بەوە کرد، "دەنگدانەوەیەکی میدیایی دروستکردووە کە چۆن هیچ میدیایەک لە دنیادا نەیتوانیوە عەلا بدۆزێتەوە و ئەم هەموو ساڵە بە بێدەنگی ماوەتەوە، پرسیارە جیدییەکەش ئەوەیە بۆچی بۆ کوردێک قسەی کرد؟ هەست دەکەم، یەکەم شت پەیوەندی بە تەحەمول (چاوەڕوانی)ی منەوە هەبوو بۆ ئەم چیرۆکە، دووەم شت، یەکەم رۆژ من عەلام بینی پێمگوت کە دەمەوێت فیلمێک دروست بکەم و گرنگ نییە چەنی تێدەچێت و چەند ساڵی پێدەچێت، بەڵام من پێم گرنگە کە فیلمێکی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو چیرۆکە گرنگ دروست بکرێت کە چیرۆکی چاڵەکەیە. هەست دەکەم ئەوەی سەرنجی دنیای راکێشاوە ئەو چیرۆکی چاڵەیە کە تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەری نییە. تەنیا یەک کەسیش دەتوانێت ئەو چیرۆکە بگێڕێتەوە، ئەویش عەلا نامیقە کە چاڵەکەی دروستکردووە".
ئەو دەرهێنەرە کوردە نایشارێتەوە، دوو ساڵی خایاندووە تاوەکو عەلای رازی کردووە چیرۆکی چاڵەکەی بۆ ئاشکرا بکات و لە دروستکردنی بەڵگەفیلمەکەیدا هاوئاهەنگی لەگەڵ بکات.
بەم جۆرە باسی کرد، "ئیشێکی زۆر زۆر قورس بوو، دوو ساڵ من لەگەڵ عەلا خەریکی کارکردن بووم تاوەکو رازی بکەم، بەڵام رازیکردنەکەی عەلا زیاتر بۆ ئەوە بوو عەلا لە رووی دەروونیەوە تێکشکابوو، عەلا یەکێکە لەوانەی کە لە زیندانی ئەبوغرێب بووە و لەژێر گوشارێکی دەروونی زۆردا بوو، من ئەوکاتەم دا بە عەلا بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو چیرۆکە بگێڕێتەوە، چونکە عەلا لەگەڵ ژنەکەی خۆیشی باسی ئەو چیرۆکەی نەکردووە".
هەڵکەوت مستەفای دەرهێنەر و و عەلا نامیق، کارەکتەری سەرەکی بەڵگەفیلمی 'شاردنەوەی سەدام' لە سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور ئامادە بوون.
بەڵگەفیلمەکە دوو پێشاندانی لە فێستیڤاڵەکەدا لە 1 و 2ـی کانوونی یەکەمی 2023 دەبێت و لە بەشی پێشبڕکێدایە.
سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دەریای سوور لە 30ـی تشرینی دووەم تاوەکو 9ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە جەدەی سعودیە سازدەکرێت، ئەمەش دوای ئەو کرانەوە کولتووریەی ئەو وڵاتە دێت و لە زۆربەی شارەکان فێستیڤاڵی هونەری سازدەکات؛ تۆڕی میدیایی رووداویش رووماڵی فێستیڤاڵەکە دەکات.
بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام" یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەمستردام - ئێدفا بوو کە یەکێک لە سێ گرنگترین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمە لە جیهاندا.
بەڵگەفیلمەکە بە ئامادەبوونی دەرهێنەری و کارەکتەری سەرەکی فیلم، ئێوارەی یەکشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2023 لە ئۆسلۆی نەوریج پێشاندانێکی تایبەتی بۆ کرا و ژمارەیەکی بەرچاو لە فیلمساز، هونەرمەندان و هۆگرانی فیلم ئامادەبوون.
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی 235 رۆژ، سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی لە باشووری تکریت حەشاردا، لە کاتێکدا هەزاران سەربازی ئەمریکی دوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی لە ساڵی 2003، بەدوایدا دەگەڕان.
تۆڕی میدیایی رووداو یەکێک لە هاوبەشە سەرەکییەکانی فیلمەکەیە و مافی بڵاوکردنەوەی لە کوردستان و عێراق هەیە و ترەیلەرەکەیشی بۆ یەکەمجار لە رێگەی رووداوەوە بڵاوکرایەوە.
هەڵکەوت مستەفا کە لە نەرویج دەژی و زیاتر لە 10 ساڵە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکەیە، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، "ئامانج لە بەرهەمهێنانی ئەم بەڵگە فیلمە گێڕانەوەی چیرۆکی راستەقینەی ئەو چاڵەیە بۆ جیهان کە سەدام حوسێن تێیدا دۆزرایەوە".
هەر بەبۆنەی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەوە لە ئیدفا، وەزارەتی رۆشنبیریی نەرویج راگەیێندراوێکی بڵاوکردبووەوە، تێیدا پیرۆزبایی لە دەرهێنەری فیلمەکە کردبوو و ئاماژە بۆ ئەوەکرابوو، چاوەڕوان دەکەن "شاردنەوەی سەدام" دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتی هەبێت و سەرنجی رەخنەگرانی سینەما بۆ خۆی رابکێشێت.
فیلمی شاردنەوەی سەدام کە رووداو لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارە، تاکە فیلمی کوردی بوو لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەمستردام - ئێدفا کە چالاکییەکانی لە 8-19ـی تشرینی دووەمی 2023 لە ئەمستردامی هۆڵەندا بەڕێوەچوو.
هەڵکەوت مستەفا لە 2016 بە فیلمی سینەمایی 'کلاسیکۆ' توانی ناوبانگییەکی نێودەوڵەتی بەدەستبێنێت و فیلمەکەی زیاتر لە 56 وڵات بڵاوکرایەوە و چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا.
لە 20ـی ئاداری 2023 ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەدام دەستپێکرد و رۆژی 9-4-2003 بەغدا کۆنترۆڵکرا و بەشێوەیەکی فەرمی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هات. سەدام دیار نەما، بەڵام رۆژی 13ـی کانوونی یەکەمی 2003 لە لایەن هێزێکی ئەمریکییەوە لە چاڵێک لە پارێزگای تکریت دۆزرایەوە و لە 30ـی ئاداری 2006 لەسێدارەدرا.