لە ئەمەریکا فیلمی کوردی 'زاڵاوا' خەڵاتکرا

02-10-2021
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیلمی سینەمایی 'زاڵاوا' لە دەرهێنانی ئەرسەلان ئەمیری، سینەماکاری کورد، خەڵاتی 18یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی فانتاستیک فێست لە ئەمریکا بەدەستهێنا.
 
'زاڵاوا' لە سێیەمین نمایشی جیهانی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕکێی 'شەپۆلی دوایی' لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا نمایشکرا و توانی خەڵاتی سەرەکی بەشەکە بباتەوە.
 
فانتاستیک فێست، گەورەترین فێستیڤاڵی ژانر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەژمار دەکرێت، هەموو ساڵێک ئەو فیلمانەی کە لە ژانری تۆقێنەر، فانتازیا، زانستی، خەیاڵ و پڕشەڕ و شۆڕ پێکهاتوون لە سەرتاسەری جیهان دەستنیشان دەکات و بە مەبەستی رێزلێنان لەو فیلمە ژانریانەی کە بە چیرۆکی نوێی و پڕکێشەوە سازکراون، بە هۆگرانی هونەری سینەما دەناسێنێت.  
 
'زاڵاوا' لە نووسینی هاوبەشی ئایدا پەناهەندە، تەهمینە بەهرام و ئەرسەلان ئەمیری، بە هاوڕێیەتی لەگەڵ هەشت فیلمی هەڵبژاردە لە ژانرە جۆراوجۆرەکاندا لە وڵاتانی ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەندونیسیا، سوێد، ئەفریقای باشوور، سنیگال، پورتوگال و بەلجیکا، لە رۆژانی 23 تا 30 ئەیلوولی 2021 لە شاری ئاستن لە ویلایەتی تیکساس نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی 'شەپۆلی دوایی' بە ناونیشانی باشترین فیلم هەڵبژێردرا و سێیەمین خەڵاتی جیهانی خۆی بەدەستهێنا.
 
فیلمەکە لە بەرهەمهێنانی سەمیرا بەرادەری و روحوڵڵا بەرادەری، پاییزی ساڵی رابردوو لە گوندی شیان سەر بە شاری سنە و خوڕەمڕوود لە پارێزگای هەمەدان لە 49 رۆژدا بە بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی محەمەد رەسوولی وێنەگیراوە و کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناسراوەکانی  سینەمای ئێران، لەوانە: نەوید پوورفەرەج، پووریا رەحیمی سام، هودا زەینولعابدین، باسیت رەزایی، شاهۆ رۆستەمی، فەرەیدوون حامیدی، ساڵح رەحیمی و زاهید زەندی لەگەڵ ئەکتەرەکانی شانۆ و تەلەڤیزیۆنی کوردستان تێیدا رۆڵیان بینیوە. 
 
'زاڵاوا لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی دانیمارکی لیڤلیک لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە، لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی 'هەفتەی رخنەگران' لە 78مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە شاری ڤینیسی ئیتالیا نمایشکرا و توانی خەڵاتی 'فیپرشی' واتە فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتیی رخنەگرانی سینەما، بە ناونیشانی باشترین فیلمی سێ بەشی 'رۆژەکانی ڤینس' و هەروەها خەڵاتی گەورەی 'هەفتەی رخنەگران' بەدەستبێنێت. 
 
'زاڵاوا' یەکەمین بەرهەمی بڵندی ئەرسەلان ئەمیرییە، بە هاوڕێیەتی لەگەڵ فیلمی سینەمایی 'رووداو' لە دەرهێنانی ئادرێ دیوان، توانی خەڵاتی 'فیپرشی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس بەدەستبێنێت. ئەم خەڵاتە گرینگە بە فیلمێکی بەشی سەرەکی و تەنیا بە فیلمێک لە نێوان فیلمەکانی بەشی 'ئاسۆکان'، سەربەخۆی 'هەفتە رخنەگران' و هەروەها 'رۆژەکانی ڤینس' پێشکەش دەکرێت. ئەم فیلمە فەڕەنسیە توانی خەڵاتی "شێری زێڕین"ـی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی 78مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڤینس بباتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە