بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنسێرتەکەی ئەلیسا لە هەولێر دواخرا

02-03-2020
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەلیسا
A+ A-

رووداو- هەولێر

بڕیاربوو لە رۆژی 20ی ئادار، خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی ئەلیسا لە هەولێر کۆنسێرتێک سازبکات، بەڵام رێکخەرانی ئەم کۆنسێرتە رایانگەیاند، لەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنسێرتەکە بۆ کاتێکی دیارنەکراو دواخراوە.
 
رێکخەرانی ئەم کۆنسێرتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیاندا پۆستێکیان کردووەو نووسیویانە "لەژێر رۆشنایی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خۆ پاراستن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆنسێرتەکەی ئەلیسا لە هەولێر بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە، دواتر لە کاتەکەی هەوادارانی ئەلیسا ئاگادار دەکەینەوە".
 
پێشتر پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند بوو، کە هەموو چالاکییە هونەرییەکان بەبۆنەی یادەکانی ئادار و نەورۆز لە هەولێر هەڵوەشێندراوەتەوە، لەبەر ئەوەش هەموو کۆنسێرت و چالاکییەکانی شاری هەولێر بۆ کاتێکی نادیار دواخراون.
 
ئەلیسا ناوی تەواوی ئەلیسار زەکەریا خوریەو لە ساڵی ١٩٧١لە لوبنان لەدایکبووە، یەکێکە لە گۆرانیبێژە دیارەکانی لوبنان و جیھانی عەرەبی، هاوکات ئەلیسا یەکێکە لەو گۆرانیبێژە عەرەبییانەی کە بەرھەمەکانی پڕفرۆشترینبوونە، تا ئێستا ئەلبوومەکانی زیاتر لە ٣٠ میلیۆن دانەیان لێفرۆشراوە، سامانەکەی بەزیاتر لە ٤١ میلیۆن دۆلار خەملێنراوە. ئەلیسا زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی لوبنان تەواوکردووە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2010 سەردانی هەولێری کردووە و چەند کۆنسێرتێکی لەو شارە سازکرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە