کۆنسێرتی یادکردنەرەی جۆرج هاریسن لە سینەما پێشاندرا

رووداو دیجیتاڵ

جۆرج هاریسن، ژەنیاری گیتار و گۆرانیبێژی بەریتانییە، لە دوای ئەوەی کۆچی دواییکرد، ژمارەیەک لە هونەرمەندانی جیهان بە کۆنسێرتێک یادیان کردەوە و ڤیدیۆی کۆنسێرتەکە لە دوای 10 ساڵ، یەک پێشاندانی لە سینەماکانی جیهاندا بۆ کرا.
 
کۆنسێرتەکە لە هۆڵی رۆیال ئەلبێرت لە لەندەن لە 29 تشرینی دووەمی 2002 بەڕێوەچوو، واتە ساڵێک دوای کۆچی دوایی هاریسن بوو و لەلایەن هاوژینەکەی ئۆلیڤیا و کوڕەکەی دانی سازکرا.
 
پۆل مەکارتنی، گۆرانیبێژ و ژەنیاری گیتاری بەریتانی، لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەندی دیکە لە کۆنسێرتەکەدا بەشداربوو.  
 
داهاتی کۆنسێرتەکە بۆ دەزگەی 'Material World Charitable Foundation' تەرخانکرا کە پێشتر لەلایەن جۆرج هاریسن دامەزراوە.
 
کۆنسێرتەکە بەناوی 'Concert for George'یە و لە 2005 خەڵاتی گرامی وەک باشترین ڤیدیۆی درێژی گۆرانی بردەوە.
 
جۆرج هاریسن، لە 29 تشرینی دووەمی 2001 بەهۆی شێرپەنجەی سییەکان لە تەمەنی 58 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.