شاکیرا ژێر پێی باوکی ماچ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

شاکیرا، هونەرمەندی کۆلۆمبی، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە راهێنان و جوڵە بە قاچەکانی باوکی دەکات، دواتر ژێر پێی ماچ دەکات.
 
شاکیرا، ئەمڕۆ سێشەممە 1 تشرینی دووەمی 2022 ڤیدیۆکەی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە ئینستگرام بڵاوکردووەتەوە، لەدوای ئەوەی راهێنان بە قاچەکانی باوکی دەکات و دواتر باوکی خۆی قاچەکانی دەجوڵێنێت، ئەو هونەرمەندە هێندە دڵخۆش دەبێت کە ژێر پێی باوکی ماچ دەکات.
 
ئەو گۆرانیبێژە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە نووسیویەتی "ئەمە ژیانە لە نێوان سەردانی نەخۆشخانە و جلوبەرگی هاڵۆویندا".
 
هەوادارانی ئەو گۆرانیبێژە بە بینینی ڤیدیۆکە دڵخۆش بوونە و زیاتر لە یەک ملیۆن لایکی بۆ هاتووە.
 
شاکیرا، بەر لە چوونی بۆ نەخۆشخانە، وێنەیەکی خۆی لە هەژمارەکەی لە ئینستگرام بڵاوکردەوە کە جلوبەرگێکی تایبەتی بۆ هاڵۆوین پۆشیبوو. 
 
شاکیرا لە سەرەتای حوزەیرانی 2022 و لەدوای 12 ساڵ پەیوەندی خۆشەویستی و دوو منداڵ، لە جێرارد پیکێ، بەرگریکاری ناوەڕاستی یانەی بارسێلۆنا جیابووەوە.