تایلەر سویفت ئامادەکاری بۆ گەشتێکی هونەری دەکات

01-11-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن تایلەر سویفت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تایلەر سویفت، هونەرمەندی ئەمریکی، لە دوای بڵاوکردنەوەی نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی و دوو ڤیدیۆکلیپ، ئامادەکاری بۆ گەشتێکی هونەری دەکات.
 
ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە کە ماوەی چوار ساڵە هیچ گەشتێکی هونەری ئەنجام نەداوە، ئاشکرای کرد، ئامادەکاری بۆ گەشتێکی هونەری دەکات بۆ ناساندنی نوێترین ئەلبوومی کە زنجیرە کۆنسێرتێک لە خۆدەگرێت.
 
بەم دواییە سویفت، دوو تراکی لە ئەلبوومی 'Midnights' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە، ئەویش ڤیدیۆکلیپی 'Bejeweled' و 'Anti-Hero' بوو.
 
ئەلبوومی 'Midnights' وەک پڕفرۆشترین ئەلبووم لە 2022 دەیاریکرا و لە سێ رۆژدا یەک ملیۆن کۆپیی لە ئەمریکا فرۆشرا.
 
تایلەر سویفت (32 ساڵ) یەکەم هونەرمەندە ئەو ریکۆردە نوێیە تۆمار بکات کە لە ماوەی سێ رۆژدا ژمارەی ئەلبوومە فرۆشراوەکانی یەک ملیۆن بێت.
 
سویفت، توانی ریکۆردێک تۆمار بکات کە بەر لە پێنج ساڵ هەمان ریکۆردی لەرێگەی ئەلبوومی 'Reputation' تۆمارکردووە.
 
لەلایەکی دیکەوە نوێترین ئەلبوومی ئەو گۆرانیبێژە، کێشەی بۆ پلاتفۆرمی سپۆتیفای لە چەند وڵاتێک دروستکرد.
 
'Midnights' لە دوای بڵاوکردنەوەی لەو خزمەتگوزارییە میوزیکییە، لە ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا کێشەی بۆ پلاتفۆرمەکە دروستکردووە و بەکارهێنەرانی ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانیدا بوونە بۆ ئەوەی بتوانن گوێ لە تراکەکانی ئەلبوومەکە بگرن.
 
ئەلبوومی 'Midnights' لە 13 تراکی گۆرانی پێکهاتووە و لە 21 تشرینی یەکەمی 2022 بڵاوکرایەوە.
 
گۆرانییەکانی ئەلبوومەکە باس لە نیوە شەو دەکەن و سویفت لەبارەیەوە دەڵێت، چیرۆکی 13 شەوی بێخەو و پەرش و بڵاوی ژیانیەتی.
 
یەکێک لە تراکەکانی ئەلبوومەکە بەناوی 'Anti-Hero'یە و لە 21 ئەم مانگە بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە کەناڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە بڵاوکرایەوە.
 
تایلەر سویفت، یەکێک لە هونەرمەندە هەر ناسراوەکانی جیهانە و لەرێگەی بەرهەکانییەوە چەندین ریکۆردی نوێی تۆمارکردووە و ساڵانە ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاودەکاتەوە، بە پێچەوانەی بەشێک لە هونەرمەندە جیهانییەکان کە چەند ساڵ جارێک ئەلبوومێک بڵاودەکەنەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە