دەرهێنەرێکی کرماشانی: لە ناوچەکانی خوارووی رۆژهەڵاتی کوردستان فیلم بە زمانی کوردی دروست ناکرێت

01-08-2022
فواد حەقیقی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کەیوان مێهرەگان، دەرهێنەری کرماشانی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کەیوان مێهرەگان، دەرهێنەری کرماشانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچەکانی خوارووی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمترین فیلم دروست دەکرێن. دەرهێنەرێکی کرماشانی هۆی ئەوە بۆ نەبوونی سپۆنسەر و پارەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی فیلم دەگەڕێنێتەوە.
 
کەیوان مێهرەگان، دەرهێنەری کرماشانی دەڵێت، "ئەکتەرە کوردەکانی خەڵکی ئیلام و کرماشان، لە تاراندا رۆڵی گەورە و بەرچاویان لە سینەمای ئێراندا هەیە، بەڵام فیلم بە زمانی کوردی بەرهەم ناهێنن."
 
ئەو دەرهێنەرە کرماشانییە باس لە هۆڵەکانی سینەما لە پارێزگای کرماشان دەکات و دەڵێت، شارەکانی ئەو پارێزگایە هۆڵی سینەمایان نییە، ئەوەش وایکردووە فیلمەکان داهاتیان نەبێت.
 
کەیوان مێهرەگان، دەرهێنەر، شاعیر، رۆژنامەنووس و دیکۆمێنتار، خەڵکی شاری شاباد لە پارێزگای کرماشانە. ئەو ساڵی 2011 دەستبەسەرکرا و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ئێران ساڵێک سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە چالاکیی سیاسی، کولتووری و رۆژنامەنووسی قەدەخە کرا. ئەو شەش کتێبی شیعری چاپ و بڵاوبووەتەوە و سێ فیلمی دۆکیۆمێنتاریی هەیە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کەیوان مێهرەگان:
 
رووداو: دۆخی فیلم، دیکۆمێنتاری، سینەما و فیلمسازیی کوردی لە ئیلام و کرماشان چۆنە؟ لەو ناوچانە فیلمسازەکان فیلمی زۆر بەرهەم دەهێنن یان کەم؟
 
کەیوان مێهرەگان: رێگە بدە لە تارانەوە سەیری ئەم بابەتە بکەین. ئەستێرەکانی ئێستای نێو سینەما و زنجیرەی ئێران، ئەکتەرەکانی خەڵکی ئیلام و کرماشانن. لە زنجیرەی "یاخی"، کە ئێستا بڵاودەبێتەوە، رۆڵگێڕی یەکەمی فیلمەکە عەلی شادمانە، کە خەڵکی ئیلامە. فیلمی "برایانی لەیلا"، کەوا لە فیستیڤاڵی کان پیشاندرا، رۆڵگێڕی یەکەمی نەوید محەممەدزادە، لەدایکبووی ئیلامە. کەوابوو منداڵەکانی کرماشان و ئیلام لە بواری ئەکتەری سینەمادا کەسانێکی لێهاتوون، بەڵام چونکە بەرهەمهێنانی فیلم پێویستی بە پارەیەکی زۆرە، ئەوەندەی من ئاگادارم منداڵەکانی کرماشان لە ئەنجوومەنی سینەمای لاوانی کرماشاندا چالاکن و خەریکن کار دەکەن، بەڵام – خۆیشتان دەزانن – دروستکردنی فیلم بابەتێکە و بڵاوکردنەوەی فیلم، لە فیستیڤاڵە جیهانییەکان و  لە سینەماشدا زۆر زۆر دژوار و ئەستەمە. سەرەڕای ئەوەش دوای شەڕی ئێران لەگەڵ سەدام حوسێن، سینەماکان لە قەسری شیرین، سەرپێڵ - زەهاو، شاباد و کرماشان یان رووخان یان بوونە وێرانە. تەنانەت سینەمای ئیحسانی شاباد کە نۆژەنکرایەوە، کارەکانی گۆڕدران و کرا بە هۆڵی زەماوەند. ئێستاش ئێمە لە کرماشان بەملاوە، واتە لە شاباد، کرن، سەرپێڵ، گیەڵان، قەسری شیرین، سۆمار، خوسرەوی، پاوە، نەوسوود و روانسەریش سینەمامان نییە. تەنانەت هۆڵێکی 50 کەسییش.
 
رووداو: واتە دۆخی بەرهەمهێنانی فیلم لە ئیلام و کرماشان بە زمانی کوردی، جێی نائومێدییە؟
 
کەیوان مێهرەگان: نا. راستییەکەی ئەوەیە کە بە زمانی کوردی فیلم بەرهەم نایەت. من نەمدیوە.
 
رووداو: تۆ خۆت هەوڵت نەداوە؟
 
کەیوان مێهرەگان: بۆچی نا. راستییەکەی ئەوەیە، بۆ یەکەمجار لێرە باسی دەکەم، فیلمنامەیەکم بەناوی "چۆپی" نووسیوە. باسی گرووپێکی هەڵپەڕکێی منداڵانە کە بۆ فیستیڤاڵێک بانگهێشت کراون، بەڵام هەندێک رووداویان دێنە پێش. بە تەواوەتی بە زمانی کوردییە و دەبێت لە گوندی پاڵنگان (سەر بە شاری کامێران لە پارێزگای سنە) دروستبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دەرفەت نەبووە دوای بکەوم.
 
رووداو: بۆچی؟ کاری لەپێشینەت نەبووە؟
 
کەیوان مێهرەگان: نا. سەیرکە، ئێستا دۆخی ئابووریی ئێران ناجێگیرە، دابینکردنی پشتیوانیی دارایی زۆر ئەستەمە.
 
رووداو: سینەماکارانی ناوچەکانی خوارووی کوردستان هەست بەوە دەکەن کە دەبێت لەو ناوچانەدا فیلمی کوردی بەرهەم بێت؟ تۆ وەکو ئەزموونی خۆت هەستت بەوە کردووە فیلمی کوردی بەرهەم بێت؟ گرنگە بەلاتەوە؟
 
کەیوان مێهرەگان: بەڵێ. فیلمی کوردی گرنگە. فیلم بە زمانی کوردی گرنگە. تەنانەت دوو ساڵ لەمەوبەر لە فیستیڤاڵی بەڵگەفیلمی سینەما حەقیقەت، فیلمێک بەناوی سەرەولێژیی زۆر تووند (شیب تند) بەرهەمهات. باسی بوومەلەرزەی سەرپێڵ زەهاو بوو کە دوو خێزان بەدەست بەردێکی زۆر گەورە گیریانخواردووە و خەریکە بەسەر ماڵەکەیاندا بکەوێت. لوقمان خالد، کە خۆیشی کرماشانییە، فیلمەکەی دروستکردووە، بە زمانی فارسی دروستکراوە، فیلمەکە زۆر جوان و گرنگ بوو، ناوەرۆکێکی کۆمەڵایەتی – سیاسی باشی هەبوو، هەم ناوەرۆکێکی فەلسەفیی باشی هەبوو، بەڵام گەورەترین کێشەیەک کە هەیبوو ئەوە بوو کە بە زمانی فارسی بوو. بە لوقمانیشم گوت: ئەگەر فیلمەکەت بە کوردی دروستکردبایە و ژێرنووسی فارسیت بۆی نووسیبایە، رەنگە بەشداریی لە 50 فیستیڤاڵ بکردایە.
 
رووداو: خۆت بەڵگە فیلمت لەسەر پاشایەتی مەرجدار (مەشرووتە) لە کرماشاندا دروستکردووە. بۆچی؟
 
کەیوان مێهرەگان: مێژووی گۆڕانکارییەکانی ئێران لە بەر لە رەوتی پاشایەتی مەرجدار و دوای ئەوە دەبێتە دوو بەشەوە. خاڵێکی وەرچەرخان لە 125 ساڵی رابردووی ئێراندا، کە تەنانەت شۆڕشی ساڵی 1979شی تێدا جێدەگرێت، شۆڕشی پاشایەتی مەرجدارە. شۆڕشی پاشایەتی مەرجدار بووە هۆی ئەوەی کە زۆر لە سیستمی کۆمەڵایەتی، هزری، کولتووری، ئابووری و سیاسی لەنێو ئێراندا گۆڕانی بەسەردا بێت. کرماشان وەکو شارێکی گرنگ و کاریگەر، کە هەم ناوەندی هزری، نووچە و تەنانەت سەربازییش بووە، رۆڵی گرنگی لە بزووتنەوەی پاشایەتی مەرجدار لە ئێراندا هەبووە، بەڵام چونکە هەرگیز بە باشی باس نەکراوە، کاتێک لە ئێراندا باس لە پاشایەتیی مەرجدار دەکرێت زیاتر باسی تەورێز و تاران دەکرێت، کەمتر کەسێک باسی کرماشان دەکات.
 
رووداو: کەسانێک هەبوون کەوا کورد بووبن و بزووتنەوەی پاشایەتیی مەرجداریان رێبەرایەتی کردبێت؟
 
کەیوان مێهرەگان: بەڵێ، سەردار یارمحەممەدخان کرماشانی.
 
رووداو: رۆڵیان چۆن بوو؟
 
کەیوان مێهرەگان: یەکێک لە گرنگترین جەنگاوەرەکانی بزووتنەوەی پاشایەتیی مەرجدار بووە، کە دوو - سێ جار یارمەتیی ستارخان و باقرخان (لە رێبەرانی بزووتنەوەی مەشرووتە لە ئێران)ی داوە، هەم رۆڵی لە رزگارکردنی تەورێزدا هەبووە و هەمیش لە کۆنترۆڵکردنەوەی تاراندا رۆڵی هەبووە. فەرماندەیەکی زۆر گەورە بووە، بەڵام چونکە کەس نەبوو چیرۆکەکەی بگێڕێتەوە و گرنگیی پێبدات، یارمحەممەدخانیش لەبیرکراوە. هەر بە هەمانشێوە بزووتنەوەی پاشایەتیی مەرجداریش لە کرماشان لەبیرکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی زمناکۆ مۆرادی، قارەمانی هەرلینگ و چالاکڤان کە لای ئێرلاندییەکان بە 'زاک' ناسراوە و پۆستەرێکی بەڵگەفیلمەکەی

لە ئێرلاند بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی کوردێکی دیاسپۆرانشین نمایش دەکرێت

(ماڵ: چیرۆکی ژیانی زاک مۆرادی) ناوی ئەو بەڵگەفیلمەیە کە ئێستا لە ئێرلاند نمایش دەکرێت. بەڵگەفیلمەکە چیرۆکی ژیانی کۆچبەرێکی کورد دەگێڕێتەوە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەگاتە باشووری کوردستان و عێراق و بەدوایدا دەگاتە ئێرلاند