نیکۆڵ کیدمەن بە فیلمی "Babygirl" لە فێستیڤاڵی ڤێنس بەشدارە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
لە سێیەم رۆژی 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا، نیکۆڵ کیدمەن، ئەکتەری ئوسترالی ئامادەبوو و بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕی.
 
ئەو ئەکتەرە سینەماییە، رۆژی هەینی 30ـی ئابی 2024، بۆ پێشاندانی نوێترین فیلمی بەناوی "Babygirl" لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو، تێیدا رۆڵی بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکاری بەهێز دەگێڕێت کە بەهۆی کارەکەیەوە ژیانی خۆی و ماڵباتەکەی دەخاتە مەترسییەوە، کاتێک لەگەڵ راهێنەرێکی کچی لەخۆی بچووکتر، پەیوەندی سۆزداری دروست دەکات.
 
هەر لەم بەرهەمەدا، هاریس دکنسن و ئەنتۆنیۆ باندێراس رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
 
فیلمەکە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵەکەدایە و لەگەڵ فیلمی "Maria"، "The Room Next Door"، "Queer" و "Joker: Folie à Deux" و چەند فیلمێکی دیکە، کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی شێری زێڕین دەکات کە بڕیارە لە 7ـی ئەیلوولی داهاتوو رابگەیێندرێت.
 
نیکۆڵ کیدمەن، یەکەم بەشداریی لە فێستیڤاڵی فیلمی کان لە تەمەنی 25 ساڵیدا بوو کاتێک لە فیلمی "Eyes Wide Shu" رۆڵی سەرەکی گێڕابوو.
 
بڕیارە فیلمی "Babygirl" لە 25 کانوونی یەکەمی 2024 لە سینەماکانی جیهاندا بڵاوبکرێتەوە.
 
نیکۆڵ کیدمەن، یەکێک لە ئەکتەرە ناسراوەکانی سینەمای هۆلیوود و جیهانە و براوەی خەڵاتی ئۆسکارە وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی، لە پاڵ فیلمە سینەماییەکانیدا، لەم چەند ساڵەی دواییدا لە ژمارەیەک زنجیرەی تەلەڤزیۆنیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.
 
بە پێشاندانی فیلمی "Beetlejuice Beetlejuice" لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ، 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا دەستیپێکرد و بڕیارە لە ماوەی 10 رۆژی چالاکییەکانیدا، ئەستێرەی دیاری سینەمای هۆلیوود و جیهان تێیدا ئامادە بن.
 
لە دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بە خەڵاتکردنی فیلمی "Joker" لە فێستیڤاڵدا، تۆد فیلیپس، دەرهێنەری فیلمەکە، لە رێگیە بەشی دووەمی فیلمەکە بەناوی "Joker: Folie à Deux"، چاوی بڕیوەتە خەڵاتی شێری زێڕینی فێستیڤاڵ کە 20 فیلمی دیکە بەربژێری ئەو خەڵاتەن.
 
هەر لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی شێری زێڕینی شانازی، بە سیگۆرنی ویڤەر، ئەکتەری ئەمریکی بەخشرا، وەک رێزێک لە کار و بەرهەمە هونەرییەکانی.  
 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە 28ـی ئابی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 7ـی ئەیلوولی 2024 لە دوورگەی لیدۆ لە ڤێنسی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.
 
ئەمساڵ 92 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی یەکەمی خولی فیستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، جگە لە چالاکی سینەمایی، چەندین چالاکی میوزیکی، شێوەکاری، سەما و شانۆ لەخۆدەگرێت و لە رۆژانی فێستیڤاڵدا بەڕێوەدەچن.
 
ڤێنس، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەویش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.
 
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1932 دەستیپێکرد، ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود سەرەتای ئەیلوول لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەدەچێت و لە چەندین سینەمای جیا جیا فیلمەکان پێشاندەدرێن کە بەشێکیان سینەمای کۆن و مێژوویین.