پڕۆژەی هونەریی 'هێلان' لە هەولێرەوە بۆ مۆنیستەر
رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی هونەریی 'هێلان' کە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئەمجارە چالاکییەکانی پڕۆژەکە لە ئەڵمانیا سازکران، لەوانە کردنەوەی پێشانگە و زنجیرە کۆنسێرتێک.
سەفین حەمید، فۆتۆگرافەر و بەرپرسی فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی، یەکێک لە هاوبەشەکانی پڕۆژەی 'هێلانە' و پێشانگەیەکی تایبەتی فۆتۆگرافەری لە شاری مۆنستەری ئەڵمانیا بۆی کرایەوە.
پڕۆژەی 'هێلان' ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لەلایەن پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق، بەهاوبەشی لەگەل فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی و گەلەری سێڤ سازدەکرێت و چالاکی جیا جیای کولتووری و هونەری لەخۆدەگرێت.
سەفین حەمید، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چالاکییەکانی پڕۆژەی 'هێلان' لە شاری مۆنیستەری ئەڵمانیا لە چوارچێوەی فێستیڤاڵێکدا بوون، جگە لە کردنەوەی پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی بۆ وێنە رۆژنامەوانییەکانی؛ لەبارەی مژاری 'پێکەوەژیان'، سێ کۆنسێرتی میوزیک و گۆرانیش لە 24-27ـی ئابای 2023 سازکران.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوو کۆنسێرت تایبەت بە میوزیک و گۆرانی کوردیبوون، ئەویش کۆنسێرتی 'ئارووها' بۆ هەردوو هونەرمەند فاتن ئەحمەد و دانا محیەددین و کۆنسێرتی 'ئەحمەدی خانی' بۆ هەردوو هونەرمەند دانا محیەددین و ریاز عوسمان، کۆنسێرتی سێیەمیش چالاکییەکی هاوبەشی هونەرمەندانی کورد و ئەڵمانی بوو و چەند بەرهەمێکی میوزیکی و گۆرانییان پێشکێشکرد.
'هێلان' پڕۆژەیەکی هونەرییە و ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە و گرنگی بە چالاکییە کولتووری و هونەرییەکان لە کوردستان دەدات، بە تایبەت کە لەلایەن هونەرمەندان و بەهرەمەندانی گەنج پێشکێش دەکرێن و چالاکییەکانی لە یەکێک لە خانووە کۆنەکانی دەورووبەری قەڵای هەولێر سازدەکرێن کە بارەگای فێرگەی فرێمینگە.
هەفتانە لە پڕۆژەکەدا چالاکی وەک پێشانگەی شێوکاری و کۆنسێرت پێشکێش دەکرێن و چالاکییەکان لە نێو فێرگەی فرێمینگ بەڕێوەدەچن کە لە 2016 لەلایەن سەفین حەمید، فۆتۆگرافەری رۆژنامەوانی ئاژانسی فرانس پرێس دامەزراوە.