بۆ یەکەمجار خەڵاتی شێری زێڕین دەبەخشرێتە ژنە دەرهێنەرێک

رووداو دیجیتال

لە 80مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس، خەڵاتی شێری زێڕین دەبەخشرێتە لیلیانا کاڤانی، دەرهێنەری ئیتاڵی، وەک رێزێک لە تەمەنێک چالاکی سینەمایی و دەبێتە یەکەم دەرهێنەری ژن ئەو خەڵاتەی پێببەخشرێت.
 
لیلیانا کاڤانی (90 ساڵ) لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە، رایگەیاند: "نووسەر و دەرهێنەرە ژنەکان وەک پیاوان کار دەکەن، دروست نییە دەرفەتێکی دەرکەوتنیان پێنەدەین".
 
ئەو دەرهێنەرە سینەماییە لە ماوەی شەش دەیەی رابردوودا کاری دەرهێنانی بۆ چەندین فیلم کردووە و چەندین خەڵاتی جیهانیشی بەدەستهێناوە، نەوەک تەنیا لە بواری سینەمای، بەڵکو لە بواری تەلەڤزیۆن و شانۆش بەرهەمی هەیە و خەڵاتکراوە.
 
رووداوی نێو فیلمەکانی لیلیانا کاڤانی بەردەوام لە چوارچێوەی مێژوویین و کارەکتەرەکانی ئاڵۆزن و لەگەڵ کۆمەڵگە لە ململانێدان.
 
رۆژی چوارشەممە 30ـی ئابی 2023 چالاکییەکانی 80مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس بە فیلمی 'Comandante' لە ڤێنسی ئیتاڵیا دەستیپێکرد و تاوەکو 9ـی ئەیلوولی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
 
ئەمساڵ 91 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی یەکەمی خولی فیستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، جگە لە چالاکی سینەمایی، چەندین چالاکی میوزیکی، شێوەکاری، سەما و شانۆ لەخۆدەگرێت و لە رۆژانی فیستیڤاڵدا لە چوارچێوەی فیستیڤاڵەکەدا بەڕێوەدەچن.
 
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس، فێستیڤاڵێکی ساڵانەی فیلمە و لە شاری ڤێنسی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم لە سەرانسەری جیهاندا، ئەویش فێستیڤاڵی نیودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.
 
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1932 دەستیپێکرد و ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود سەرەتای مانگی ئەیلوول لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەدەچێت و لە چەندین سینەمای جیا جیا فیلمەکان نمایشدەکرێن کە بەشێکیان سینەمای کۆن و مێژوویین.