مانگرتنی هۆلیوود کاریگەری لەسەر فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنس دروستکردووە

31-08-2023
پەسار فایەق
تۆنی گارن، مۆدێلی ئەڵمانی لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنس
تۆنی گارن، مۆدێلی ئەڵمانی لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنس
نیشانەکردن فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس 80یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

80مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس دەستیپێکرد، بەڵام لەسەر فەرشی سووری کەمتر ئەستێرە دروشاوەکانی سینەما بینران، هۆکارەکەیشی بەردەوامبوونی مانگرتنی نووسەران و ئەکتەرانی هۆلیوودە.
 
رۆژی چوارشەممە 30ـی ئابی 2023، لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا سەرۆک و ئەندامانی دەستەی دادوەران ئامادەبوون، لەوانە دێمیەن شەزال، سەرۆکی فێستیڤاڵ و جەین کامپیەن، مارتن مەکدۆنا و لۆڕا پۆیترەس کە براوەی خەڵاتی شێری زێڕینی خولی رابردووی فێستیڤاڵەکەیە.
 
هەروەها ستافی فیلمی 'Comandante' بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنس تێپەڕین کە فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵ بوو. 
 
لوکا گوادانینۆ، دەرهێنەری فیلمی 'Challengers' ئەستێرەی دیاری سەر فەرشی سووری چوارشەممە بوو و بڕیاربوو فێستیڤاڵەکە بەو فیلمە دەستپێبکات، بەڵام بەهۆی مانگرتنی ئەکتەر و سیناریۆنووسانەوە، پلانی فێستیڤاڵ گۆڕانکاری بەسەردا هات.
 
لە 80مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ڤێنس کە چالاکییەکانی لە شاری ڤێنس بەڕێوەدەچێت و تاوەکو 9ـی ئەیلوولی داهاتوو بەردەوام دەبێت، تەنیا چوار فیلمی هۆلیوود لە بەشی پێشبڕکێدان.   
 
فیلمە هۆلیوودییە بەشداربووەکان بریتین لە 'Maestro' لە نووسینی برادلی کۆپەر، 'Ferrari' لە دەرهێنانی مایکڵ مان و فیلمی 'The Killer' لە دەرهێنانی دەیڤد فێنچەر و فیلمی 'Origin' لە دەرهێنانی ئەیڤا دوڤێرنەی لە بەشی کێبڕکێدان.
 
لە دەرەوەی کێبڕکێدا، فیلمی دوو دەرهێنەری ناسراوی هۆلیوود هەن، ئەویش وۆدی ئاڵن بە فیلمی 'Coup de Chance' و رۆمەن پۆلانسکی بە فیلمی 'The Palace'.
 
ئەمساڵ 91 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی یەکەمی خولی فیستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، جگە لە چالاکی سینەمایی، چەندین چالاکی میوزیکی، شێوەکاری، سەما و شانۆ لەخۆدەگرێت و لە رۆژانی فیستیڤاڵدا لە چوارچێوەی فیستیڤاڵەکەدا بەڕێوەدەچن.

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە