مەم ئارارات زنجیرە کۆنسێرتێک لە تورکیا سازدەکات

31-07-2023
پەسار فایەق
هونەرمەند مەم ئارارات لە دوایین کۆنسێرتی لە ئیستنەبووڵ
هونەرمەند مەم ئارارات لە دوایین کۆنسێرتی لە ئیستنەبووڵ
نیشانەکردن مەم ئارارات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەم ئارارات، هونەرمەندی کورد، لە دوای ئەو پێشوازییەی لە دوایین کۆنسێرتی لە نیسانی 2023 لە ئیستەنبووڵ کرا و بە هەزاران کەس تێیدا ئامادەبوون، لە مانگی ئاب و ئەیلوولی داهاتوو، زنجیرە کۆنسێرتێک لە چوار شاری تورکیا سازدەکات.
 
ئەو هونەرمەندە کوردەی باکووری کوردستان، لیستی کۆنسێرتەکانی لە چوار شاری تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستگرام بڵاوکردووەتەوە کە لە مانگی ئاب و ئەیلوولی داهاتوو سازدەکرێن و گوڵبژێرێک لە بەرهەمەکانی پێشکێش دەکات.
 
یەکەم کۆنسێرتی ئارارات لە 10 ئاب لە شاری باڵکئەسیر، دووەم کۆنسێرت لە 13 ئاب لە شاری ئیزمیر، سێیەم کۆنسێرت لە 21 ئەیلوول لە شاری دەنیزلی و چوارەمیان لە 22 ئەیلوول لە ئانتاڵیا سازدەکرێت.
 
ئارارات، لە 28ـی نیسانی ئەمساڵ کۆنسێرتێکی لە ئیستەنبووڵ سازکرد و بە هەزاران هەواداری ئامادەبوون و بەشێکی لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب بڵاوکردەوە، ئەمەش یەکێک لە زنجیرە کۆنسێرتەکانی ئەو هونەرمەندەیە کە ئەمساڵ لە تورکیا و باکووری کوردستان سازی کردوون.
 
لەو کۆنسێرتەدا نوێترین بەرهەمی 'چەمۆ' پێشکێشکرد و ڤیدیۆی ئەم بەرهەمەی بڵاوکردەوە و لەبارەی ئەم بەرهەمە دەڵێت، گۆرانی 'چەمۆ' یەکێک لە تراکەکانی ئەلبوومی 'کەسکەسۆر'ـە کە بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا بڵاوی بکاتەوە و بۆ یەکەمجارە لە کۆنسێرتێکیدا لە ئیستەنبووڵ پێشکێشکردووە. 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، تێکستی گۆرانییەکەی لە 1999 لە ژێر درەختێکی چنار لە ناوچەی مانیاس سەر بە پارێزگای بالکەسری تورکیا نووسیوە و تێکستی گۆرانییەکە لای ئەو تایبەتە و هیواخوازە ببێتە دڵنەواییەک بۆ کەسە دڵشکاوەکان.
 
هەر بەم دواییە مەم ئارارات، گۆرانییەکی دیکەی کۆنسێرتەکەی لە ئیستەنبووڵ بەناوی 'چیچکێ' بڵاوکردەوە بوو کە بەرهەمێکی فۆلکلۆریی ناوچەی بۆتانە و پێشتر لەلایەن چەند هونەرمەندێکی دیکە گوتراوە.
 
ژمارەیەکی بەرچاو لە هەوادارانی ئەو هونەرمەندە لە کۆنسێرتەکەدا ئامادەبوون و بە بیستنی گۆرانییەکە دڵخۆش دیاربوون و بەشێکیان لە رێگەی مۆبایلەکانیان دیمەنی نێو کۆنسێرتەکەیان تۆمار دەکرد.
 
مەم ئارارات، لە 19ـی نیسانی 2023 نوێترین بەرهەمی 'سێڤا سوور' بۆ هەوادارانی بڵاوکردەوە و زیاتر لە یەک ملیۆن بینەری هەیە. گۆرانییەکە لە تێکست و ئاوازی مەم ئاراراتە و هەر خۆیشی کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆی کردووە.
 
هەروەها لە 26ـی ئاداری 2023 بەرهەمێکی بەناوی 'ل هیڤیا بارانێ' بڵاوکردەوە و زیاتر لە پێنج ملیۆن و 320 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.
 
مەم ئارارات، لە 1981 لە گوندی گرکێ شێخێ لە ناوچەی دێرکی چیای مازی لە مێردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بە پاڵپشتی هاوڕێکانی بەناوی 'قولنگ ئەور و باران' لە 2013 بڵاوکردەوە.
 
ئەو هونەرمەندە کوردە تاوەکو ئێستا پێنج ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە، جگە لە ئەلبوومی 'قولنگ ئەور و باران'، ئەلبوومی 'کوردیکا' لە 2016، 'خەونا باژارەکی' لە 2018، 'نیشتمان' لە 2019 و 'پەسنا ئەڤینێ' لە 2020 بڵاوکردووەتەوە.
 
مەم ئارارات، بەشێک لە بەرهەمەکانی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردووەتەوە، لەوانە 'پاییز'، 'زۆزان'، 'خاترخوەستن'، 'چیچەکێ'، 'ژ ئێڤارەکا ئامادێ'، 'ئەڤینا دوو چیا' و 'دلۆ ئەز بمرم'.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە