گرووپی BTS لە مۆندیالی قەتەر بەشداردەبێت

رووداو دیجیتاڵ

گرووپی BTSـی کۆریای باشوور رایگەیاند، لە مۆندیالی قەتەر 2022 بەشداردەبێت و گۆرانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی مۆندیالەکەدا پێشکێشدەکات.
 
بەشداربوونی گرووپەکە لەرێگەی کۆمپانیای هیۆندای کۆرۆیای باشوور دەبێت کە سپۆنسەری رێوڕەسم و ئاهەنگەکانی مۆندیالی ئەمساڵەیە.
 
ئەو گرووپە بەرهەمێکی نوێ لە مۆندیال پێشکێشدەکات و بڕیارە بەر لە دەستپێکردنی مۆندیال زانیاری لەبارەی بەرهەمەکە ئاشکرا بکرێت.
 
ئەندامانی گرووپی BTSـی کۆریای باشوور کە ناوبانگییەکی جیهانیی هەیە، لە نێوەڕاستی حوزەیرانی رابردوو، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کاتیی گرووپەکەیاندا، بۆ ئەوەی هەریەک لە ئەندامانی بڕیار لەبارەی ئایندەیان بدەن.
 
بەو بڕیارە ئەو گرووپە، چالاکییان وەک گرووپ نابێت، ئەمەش هەوادارانی تووشی شۆککرد، چونکە بەشێک لە گرووپە جیهانییەکانی دیکە، لە بڕیاری هاوشێوە ئەو بڕیارە، بەیەکجاری هەڵوەشاوەتەوە، لەوانە گرووپی بەریتانی -  ئێرلەندی 'One Direction'.
 
ئەو گرووپە کەی پۆپە، داهاتی لە 2021ـدا لە سەرووی یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی بووە، لە ساڵڕۆژی دامەزراندنیدا ئەو بڕیارەیانداوە، هەروەها هۆکار بووە بۆ ئەوەی وڵاتەکەی چەندین ملیار دۆلار بەهۆیەوە بەدەستبێنێت.
 
BTS لە 10-6-2022 نوێترین ئەلبوومی بەناوی 'Proof' بڵاوکردەوە کە لە 48 تراکی گۆرانی پێکدێت، یەکێک لە تراکەکانی بەناوی 'Yet To Come' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکرایەوە، لە ماوەی یەک رۆژدا زیاتر لە 51 ملیۆن بینەری هەبوو.
 
ئەو گرووپە کە لە حەوت ئەندام پێکهاتبوو، یەکەم گرووپی میوزیکی ئاسیا بوو لە 2021 خەڵاتی هونەرمەندی ساڵی لە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی میوزیکی ئەمریکا بەدەستهێنا.
 
ئەندامانی گرووپەکە، لە 31-5-2022 دیداریان لە کۆشکی سپی، لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هەبوو و جلوبەرگی رەشیان پۆشیبوو و بۆ دەربڕینی خۆشەویستی، لەگەڵ بایدن دوو پەنجەی دەستیان لەیەکدی داوە و هاوشێوەی دڵ دەردەکەوێت.
 
لە دیدارەکەدا، گرووپی بی تی ئێس گفتوگۆیان لەبارەی تاوانەکانی رق و کینە لە دژی خەڵکی ئاسیا و ئاوێتەبوونی خەڵکی ئاسیا کرد و ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، بەهۆی شێوەیان پێشتر گاڵتەیان پێکراوە.
 
BTS گرووپێکی میوزیکی کۆریای باشوورە، لە حەوت ئەندام پێکهاتبوو و لە 2010 لە سیئۆلی کۆریای باشوور دامەزرا، ئەندامانی بریتین لە جین، سوگا، جەی-هۆپ، ئاڕ ئێم، جیمین، ڤی و یۆنگکوک.
 
یەکەم ئەلبوومی گرووپەکە لە 2013 بەناوی '2Cool 4 Skool'  بڵاوکراوەیەوە، ساڵی دواتر یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی کۆری بەناوی 'Dark & Wild' و یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ژاپۆنی بەناوی 'Wake Up' بڵاوکردەوە، دووەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ئینگلیزی بەناوی 'Wings' لە 2017 بڵاوکردەوە و لەرێگەیەوە ناوبانگی جیهانیان بەدەستهێنا.
 
ئەو گرووپە کەی پۆپە، یەکەم گرووپی میوزیکی کۆریا بوو، یەک ملیۆن کۆپی لە ئەلبوومێکیان بفرۆشرێت و یەکەم گرووپی کۆریا بوو لە 2020 لەرێگەی گۆرانی 'Dynamite' بەربەژێری خەڵاتی گرامی بێت.
 
براوەی چەندین خەڵاتی میوزیکییە، لەوانە شەش خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی و 12 خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد.