گفتوگۆی عەدنان کەریم و رەنج سەنگاوی لەبارەی بەرهەمی 'بۆ رۆژهەڵات'
رووداو دیجیتاڵ
"بۆ رۆژهەڵات" نوێترین بەرهەمی عەدنان کەریمە و لەبارەی کۆڕەو و رۆژهەڵاتی کوردستانە، رەنج سەنگاوی کە تێکستی گۆرانییەکەی نووسیوە، گفتوگۆیەکی کورتی لەبارەی ئەم بەرهەمە لەگەڵ هونەرمەنددا کردووە.
گفتوگۆکە لە ستۆدیۆی عەدنان کەریم، هونەرمەند نێوداری کوردە لە ماڵەکەیدا کراوە، رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری دیاری رووداو، لە دوای ئەوەی بەشێکی ئاوازی گۆرانییەکە دەبیستێت، بە عەدنان کەریم دەڵێت، وەکو هەموو بەرهەمەکانی دیکەت جوان و بەسۆزە، هەموو ئەو شیعرانەی بۆ نیشتمان نووسیویەتی لەلایەک، ئەو شیعرەی بە دەنگە بەسۆزەکەی عەدنان کەریم گوتراوە بە لایەک.
عەدنان کەریم هەستی نیشتماپەروەری خۆی پێشاندەدات و دەڵێت، کوردستان بۆ ئەو جیاوازی نییە، چ رۆژهەڵات، چ باکوور، چ باشوور و چ رۆژئاوا بێت، بەڵام تایبەتمەندی رۆژهەڵات، دایکێکی دیکەیە بۆ ئەو، هۆکارەکەیشی بۆ پێشوازی خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان دەگەڕێنێتەوە کاتێک لەوێ ماوەتەوە و ژیاوە، بەتایبەتیش لە شاری مهاباد.
گوتیشی: "هەرکاتێک کۆنسێرتێک ساز دەکەم، زیاتر خەڵکی رۆژهەڵات ئامادە دەبن، ئەوان بەردەوام لە دڵی من دان و خۆشەویستن".
روونیشکردەوە، ئەم گۆرانییە، هەروەک ئەوەیە کە چۆن خانی مەم و زینی کردووەتە بیانو بۆ باسی دڵی خۆی، ئەم بەرهەمە تەنیا بۆ کۆڕەو نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە گەلی کورد لە هەر شوێنێکی دنیا بێت، دەبێت یەکدیان خۆشبوێت و یەکگرتوو بن، هونەرمەندان، نووسەران و خوێنەواران، خەڵکی رۆژهەڵات بە گشتی، کاتێ سەردانی باشووری کوردستان دەکەن، شار و وڵاتی خۆیان و ماڵی خۆیانە.
هەروەها گوتی، ئەو خۆی بە هونەرمەندی چوار پارچەی کوردستان دەزانێت، خۆی بە گۆرانیبێژی نیشتمان و گەلی کورد دەزانێت.
رەنج سەنگاوی بە کۆتایی شیعری گۆرانی "بۆ رۆژهەڵات" وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت:
"هەر کاتێ دێن
سەرم بەردەبازی رێیەو
دڵم بۆ ئێوە مافوورە
ئەو سنوورەی کە ئەیەوێ لە یەکمانکا
هەلای دوژمنان سنوورە".
عەدنان کەریم، وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: "کاتێک شیعرەکەت هاتە بەردەستم، خۆی ئاوازی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو".
ڤیدیۆکلیپی "بۆ رۆژهەڵات" ئەمڕۆ یەکشەممە 31ـی ئاداری 2024 بەبۆنەی تێپەڕبوونی 33 ساڵ بەسەر کۆڕەوی ملیۆنی کورد لە باشووری کوردستان، بۆ یەکەمجار لە رووداو بڵاوکرایەوە.