عەدنان کەریم بەرهەمێک لەبارەی کۆڕەو و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاودەکاتەوە

31-03-2024
پەسار فایەق
هونەرمەند عەدنان کەریم بەرهەمێک بەناوی "بۆ رۆژهەڵات" بڵاودەکاتەوە
هونەرمەند عەدنان کەریم بەرهەمێک بەناوی "بۆ رۆژهەڵات" بڵاودەکاتەوە
نیشانەکردن عەدنان کەریم کۆڕەو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەندی نێوداری کورد عەدنان کەریم، لە بەرهەمێکی نوێدا شیعرێکی رەنج سەنگاوی، لەبارەی رووداوی کۆڕەوی ملیۆنی کورد لە باشووری کوردستان لە ساڵی 1991 بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەکردووە و ناوی دەنێت "بۆ رۆژهەڵات" و بۆ یەکەمجار لە رێگەی رووداو بڵاودەکرێتەوە.
 
پێشتر هونەرمەند عەدنان کەریم، لەبارەی ئەم بەرهەمە میوانی هەواڵەکانی کاژێر هەشتی رووداو بوو، باسی لەوەکرد، لە کوردستان ئەوەی کورد کۆدەکاتەوە خۆشەویستییە و رۆژهەڵات، باکوور، باشوور و رۆژئاوا، پارچەیەکن لە دڵ و رۆحی ئەو.
 
مهاباد و رۆژهەڵاتی کوردستان پێگەیەکی گەورەی لە دڵی ئەو هونەرمەندەدا هەیە، لە بەرنامەی "گفتوگۆی باڵۆن"ـی رووداو کە رەنج سەنگاوی لە رەمەزانی ئەمساڵدا پێشکێش دەکات، عەدنان کەریم میوانی بوو، سەنگاوی پرسیار لێدەکات، ئەگەر بێت و با باڵۆنەکە ببات، حەز دەکات باڵۆنەکە بەرەو کوێ بڕوات، وەڵامی هونەرمەند مهابای رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.
 
ئەم بەرهەمە لە ئاواز و دابەشکردنی هونەرمەند عەدنان کەریمە، ڤیدیۆکلیپەکەی لە دەرهێنانی سامان عەدنانە و شکار کەمال مۆنتاژی کردووە، میوزیکژەنان رێباز سادق بە سۆلۆی کەمان و شوان ئەکرەم بە سۆلۆی پیانۆ بەشدارن و ئەمڕۆ یەکشەممە 31ـی ئاداری 2024 لە پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی رووداو بڵاودەکرێتەوە. 
  
ئەو هونەرمەندە کوردە لە 1991 بەهۆی کۆڕەوەوە رووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و لە شاری مهاباد نیشتەجێ بوو، لە 1992 رووی لە ئەوروپا کرد و لە سوێد نیشتەجێ بوو.
 
رووداوی کۆڕەو لە هزر و خەیاڵی هونەرمەنددا مابووەوە و لە 1993 ئەلبوومێکی بەناوی "بیرتان ئەکەم" بڵاوکردەوە، یەکێک لە تراکەکانی بەناوی "کۆچ" بوو کە لەبارەی کۆڕەو بوو و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.
 
ئەمرۆ 33 ساڵ بەسەر کۆڕەوەکەی گەلی کوردستان تێدەپەڕێت و لە 31ـی ئاداری 1991، نزیکەی 10 رۆژ دوای راپەڕین و ئازادکردنی زۆربەی شارەکانی باشووری کوردستان لە دەستی رژێمی بەعس، سوپای ئەو کاتی عێراق هێرشێکی زەمینی و ئاسمانی بەرفراوانی کردە سەر باشووری کوردستان، لە ئەنجامدا نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کورد لە ترسی دووبارەبوونەوەی ئەنفال و کیمیاباران، ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت و بە رێگا سەختەکاندا خۆیان گەیاندە سنوورەکانی رۆژهەڵات و باکووری کوردستان.
 
لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆری کەمپی کاتی لەسەر سنووری ئەو دوو وڵاتە دروستکران. بە گوێرەی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، تاوەکو 6ـی نیسانی 1991، 750 هەزار کورد گەیشتنە نێو سنووری ئێران، 280 هەزاریان گەیشتنە نێو سنووری تورکیا و 300 هەزاری دیکەیان لەسەر سنووری ئەو وڵاتە مانەوە.
 
دەقی شیعرەکە:
 
لە کۆڕەودا ... 
بانە نان بوو
بۆکان سفرەی پڕی خوان بوو
سەقز دڵێکی ناسک و 
بۆکان فرمێسکی چاوان بوو
دەرگای کراوەی  مەھاباد
ھەر کۆمارەکەی جاران بوو
ھێزی ئەژنۆ لە گیانمانا
تینی گەرمی کرماشان بوو
باوەشی پڕ میھرەبانیی نیشتیمانم
سۆزی گەرمی مەریوان بوو
کە ھەڵەبجە شەھید کرا
بانە شیر بوو 
سنە ھەتوانی برین بوو
باشترین دایکی سەر زەمین بوو رۆژهەڵات
بەو ڕاستەھێڵە دەستکردە
ئێمە نابین بە دوو وڵات.
 
کزەی جەرگم تۆ مەسووتێ
وەرە با بسووتێین بۆ یەک
تۆ لێرە پەناهەندە نیت
کوا پەنامان هەیە بێ یەک
هەرکاتێ دێن
سەرم بەردەبازی رێ یەو
دڵم بۆ ئێوە مافوورە
ئەو سنوورەی کە ئەیەوێ لە یەکمانکا
هەلای دوژمنان سنوورە.
 
رەنج سەنگاوی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە