دینا حایك:یادگاریی جوانی هەولێر و خەڵكی كوردستانم لەبیرناچێ
رووداو – هەولێر
ساڵی 2012 كاتێك سەردانی هەولێری كرد، لە هۆتێل رۆتانا یەكدیمان بینی و گفتوگۆیەكمان كرد. ئەوكات هەولێر وەك پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی هەڵبژێردرابوو، دینا حایك ئەو بڕیارەی زۆر پێ گونجاو بوو گوتی "هەولێر شایەنی ئەوەیە ببێتە پایتەختی گەشتیاری".
گۆرانیبێژی لوبنانی دینا حایك كە ناوە راستەقینەكەی كولیت بوجرجسە، لە 10/6/1982 لە باوكێكی لوبنانی و دایكێكی سووری لەدایكبووە. لە ساڵی 1999وە گۆرانی دەڵێت، بەڵام بەهۆی ئەلبوومی (كتبتك) لە ساڵی 2005 ناوبانگی دەركرد.
دینا حایك لەم هەڤپەیڤینەدا كە لە رێگەی ئیمەیڵەوە لەگەڵی سازكراوە، وەڵامی چەند پرسیارێكی (رووداو)ی دایەوە.
رووداو: ساڵی 2012 كە سەردانی هەولێرت كرد، بارودۆخ جۆرێكی دیكە بوو، بەنیاز نیت جارێكی دیكە سەردانی هەولێر بكەیتەوە؟
دینا حایك: سەردانی من بۆ هەولێر بۆ پڕۆژەی فێستیڤاڵی هەلا ئەربیل و هەڵبژاردنی شاجوانی كوردستان بوو كە بۆ یەكەمجار ئەو شاجوانە لەوێ هەڵبژێردرا. ئێستاش ئەگەر دەرفەتێكی گونجاوی كار هەبێت بەخۆشحاڵییەوە سەردانی هەولێر دەكەمەوە.
رووداو: تۆ لە لێژنەی هەڵبژاردنی شاجوانی كوردستان بوویت، هەرێمی كوردستان و پڕۆژەی هەڵبژاردنی شاجوانت پێ چۆن بوو؟
دینا حایك: من لە كوردستان تەنیا هەولێرم بینی، بەڕاستی شارێكی خۆشە و خەڵكەكەشی زۆر بەڕێزن، مامەڵەیان لەگەڵ من زۆر جوان بوو. هەڵبژاردنی شاجوانی كوردستانیش زۆر بە رێكوپێكی بەڕێوەچوو، ئەگەرچی ئەوەی باسی دەكەین بەر لە نزیكەی 3 ساڵە، بەڵام یادگاری جوانی هەولێر و خەڵكی كوردستانم لەبیرناچێ.
رووداو: ئێستا سەرلەبەری ناوچەكە رووبەڕووی شەڕی تیرۆر بووەتەوە، هونەرمەندانی كورد و هەندێ هونەرمەندی جیهانیش لە رێگەی كاری خێرخوازییەوە هاوكاری ئاوارەكان دەكەن، تۆ بەنیازی هیچ نیت؟
دینا حایك: من نیوە سووریم، چونكە دایكم سوورییە. لەگەڵ ئازار و خەمەكانی ئەو وڵاتە دەژیم و زۆرجار بۆ قوربانیان گریاوم. بێگومان قوربانیانی كوردستان و عێراقیش ئازارم دەدەن، هیوادارم بتوانم كارێكی باشیان بۆ بكەم. هەر پڕۆژەیەكی خێرخوازیش هەبێت من ئامادەم.
رووداو: زۆربەی هونەرمەندان جگە لە هونەر كارێكی دیكەش دەكەن، ئەی تۆ؟
دینا حایك: من خۆم كۆلێژی یاسام تەواو كردووە، واتە پارێزەرم و دەتوانم كاری پارێزەریش بكەم، بەڵام لە هونەرەكەم سەركەوتووترم.
رووداو: سەیر نییە كە زۆر لە هونەرمەندانی عەرەب یاسایان خوێندووە و پارێزەرن؟ دینا حایك: خۆ ئەمە خراپ نییە، كەس ناتوانێ فێڵمان لێبكات.
رووداو: كێشەیەك هەبوو لە نێوان تۆ و كۆمپانیای رۆتانا، هۆكارەكە چی بوو؟
دینا حایك: ئەوەی تۆ باسی دەكەی شتێكی كۆنە، كێشەكە تەنیا ئەوە بوو لە یەكدی نەدەگەیشتین، ئێستا من لەگەڵ كۆمپانیای دیكە كار دەكەم و ئەوانیش بەردەوامن، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
رووداو: ناو گۆڕین ئێستا لە نێو هونەرمەندە عەرەبەكان زۆر باوە، زانیاریم هەیە تۆش ناوی خۆت گۆڕیوە، بۆچی؟
دینا حایك: زانیاری زۆرت لەسەر من هەیە. بەڵێ منیش ناوی خۆم گۆڕیوە، ئەمە شتێكی ئاساییە، هونەرمەندەكان ناوی خۆیان دەگۆڕن و ناوی هونەری هەڵدەبژێرن، منیش هەر وەكو ئەوان. رووداو: واتا لاسایی هونەرمەندەكانی دیكەت كردووەتەوە؟
دینا حایك: نەخێر، ئەمە لاساییكردنەوە نییە، ئەمە مۆدێلێكی هونەرییە.
رووداو: ئەی نەشتەرگەریی جوانكاری، ئەمەش مۆدێلی هونەرییە؟
دینا حایك: نا، نەشتەرگەری جوانكاری زۆربەی ئافرەتانی دونیا ئەگەر پێویستیان بێت دەیكەن، بەڵام هونەرمەندان و كەسایەتییە ناسراوەكان زیاتر دەردەكەون و دیارن، لەبەرئەوەیە.
رووداو: تۆش نەشتەرگەری جوانكاریت كردووە؟
دینا حایك: زۆر نا.
رووداو: هیچ كام لە هونەرمەندانی كورد دەناسی؟
دینا حایك: لە نزیكەوە نەخێر، بەڵام گوێ لە گۆرانی كوردی دەگرم، گۆرانی زۆر خۆشیان هەیە.
رووداو: زۆر هونەرمەندی عەرەب باسی ئەوەیان كردووە كە دەستدرێژییان كراوەتە سەر، یاخود لە لایەن هونەرمەندان و بەرهەمهێنەرەكانەوە هەوڵدراوە ئیستغلال بكرێن و بەناوی كاری هونەرییەوە پەیوەندی خۆشەویستییان لەگەڵ ببەسترێ، تۆ هیچ چیرۆكێكی لەو شێوەیەت هەیە؟
دینا حایك: هەموو ئافرەتێك چیرۆكی لەم شێوەیەی هەیە، مەبەستم دەستدرێژی نییە، مەبەستم ئەوەیە كە لەلایەن كەسانی دیكەوە ئیستغلال دەكرێن و هەوڵ دەدرێ لە پەنای كارەوە پەیوەندی خۆشەویستی یاخود سێكسی لەگەڵ دروستبكەن، بەڵام ئەوە دەگەڕێتەوە سەر كەسایەتی ئافرەتەكە. منیش وەكو ئافرەتێك زۆرجار تووشی حاڵەتی لەو شێوەیە هاتووم، بەڵام بەجۆرێك وەڵامم داوەتەوە كە بەرامبەرەكەم شەرم بكات.
رووداو: هۆكارەكە ئەوە نییە كە هەندێ لە خانمانی هونەرمەند لە كلیپەكانیاندا ورووژێنەر دەردەكەون؟
دینا حایك: هونەرمەند دەبێت لە گۆرانییەكانیدا وەكو ئەكتەرێكی باش مامەڵە بكات، ئەو رۆڵە ببینێ كە دەرهێنەر پێی دەدات، زۆرجار گۆرانییەكە پێویست بەوە دەكات ئافرەتەكە ورووژێنەر دەربكەوێت، یاخود جلوبەرگی رووتی لەبەردا بێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە لەشفرۆش بین.