رووداو دیجیتاڵ
مەسعود کیمیایی، دەرهێنەری ناسراوی ئێرانی، بەهۆی رووداوەکانی ئەم دواییە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، گەشتکردنی بۆ دەرەوەی وڵات قەدەخکراوە.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، ئەو دەرهێنەرە سینەماییە شەوی یەکشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2023 بۆ بەشداربوون لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی رۆتردام؛ بەنیازبوو گەشت بۆ هۆڵەندا بکات، بەڵام رێگەی پێنەدراوە.
مەسعود کیمیایی، تەمەن 81 ساڵ، بە یەکێک لە دیاترین کەسایەتییەکانی بواری پیشەسازی فیلم لە ئێران دەناسرێت و بەهۆی فیلمی 'قەیسەر' کە لە 1969 بەرهەمهێنراوە، ناوبانگییەکی زۆری پەیداکردووە.
بڕیاربوو کیمیایی لە پێشاندانی تایبەتی فیلمی 'Killing a Traitor' لە فێستیڤاڵی فیلمی رۆتردام ئامادە بێت کە میلۆدرامایەکی مێژووییە لەبارەی ئیران لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو.
ئەو دەرهێنەرە ئێرانییە لە دوای ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە 22 کانوونی یەکەمی 2022 ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو کە ئەو لە پاڵ گەلەکەی دەمێنێتەوە.
بەهۆی ناڕازایی و خۆپێشاندانەکانی ئێران، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەک هونەرمەندیان دەستگیرکردووە، بەتایبەتیش ئەکتەران و فیلمسازان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ